نەورۆز.. فرۆشیان بۆ دوو هێندە بەرز کردۆتەوە

بازاڕی نانەواخانە و گۆشتفرۆشان جمەیان دێت

964+

ئاودێر عومەر – سلێمانی

نەورۆز لەگەڵ خۆیدا بازاڕی زۆر کاڵا دەبوژێنێتەوە، گۆشت و نان دوو لەو خواردنانەن کە لەسەر سفرەی هەموو ماڵێک هەیە، ئەمەش وایکردووە زۆرترین خواستی لەسەر بێت و رۆژێک پێش نەورۆز فرۆشیان بۆ هێندە زیاتر بەرز ببێتەوە.

964 لە سلێمانی سۆراغی نانەواخانە و قەسابخانەی کردووە، هەردوولا لەسەر ئەوە کۆکن کە دوو رۆژی پێش نەورۆز بەراورد بە رۆژانی ئاسایی دوو هێندە زیاتریش خواست لەسەر نان و گۆشت زیاد دەکات.

باوان عوسمان، نوێنەری بەشێک لە نانەواکانی سلێمانی بە 964ی وت، بە دڵنیاییەوە نانکڕین لەو رۆژەدا زیاد دەکات، ئەگەر لە رۆژانی ئاسایی 1000 نان بفرۆشین، ئەوا لە رۆژانی نەورۆز رێژەکەی بەرز دەکەینەوە بۆ 1600 نان.

زیاتر وتی “هاوڵاتیان ئەگەر رۆژانە شەش نانیان بکڕیبووایە، ئەوا لە نەورۆز بە بۆنەی سەیرانەوە دوو هێندە زیاتر دەکڕن”. 

ئاسۆ عومەر، نوێنەری قەسابخانەکانی بازاڕی بەلەدیەکە بە 964ی وت، ماوەی چەند رۆژێکە خواست لەسەر گۆشت زیادی کردووە، ئێمە لەچاو رۆژانی ئاسایی دووهێندە گۆشتی ئاژەڵی گەورە و بچوک دەهێنینە بازاڕ و سەرفی دەکەین.
دەشڵێت: گۆشتی قیمە و برژاندن، خواستی زۆری هاوڵاتیانی لەسەرە.

پیداچوونەوە: فەرمان سادق