هەموو چاوەکان لەسەر مێتڵایڤە؛ میوانداریی کۆتایی مۆندیال دەکات

964 لەوێیە

ژوورى هەواڵ

توانا نەقی نێردراوی 964 لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، چۆتە بەردەم یاریگای ناوداری “مێتڵایڤ” و لەوێوە نوێترین زانیاری و تایبەتمەندێتییەکانی ئەم شاکارە تەلارسازییە دەخاتە روو، کە بڕیارە ببێتە چەقی سەرنجی هاندەرانی تۆپی پێ لە جیهاندا.

یاریگای مێتڵایڤ کە دەکەوێتە ویلایەتی نیوجێرسی و رێک بەرامبەر باڵەخانە هەوربڕەکانی شاری نیویۆرک هەڵکەوتووە، پێش 16 ساڵ و رێک لە رێککەوتی 10ـی نیساندا دروستکراوە.

پرۆژەی بونیادنانی ئەم یاریگایە تێچوویەکی خەیاڵیی هەبووە کە گەیشتووەتە 1 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار، بەمەش وەک گەورەترین یاریگای ئەمریکا و 27ـەمین گەورەترین یاریگای سەرانسەری جیهان پۆلێن دەکرێت، کە توانای لەخۆگرتنی 82 هەزار و 500 هاندەری هەیە.

ئەم یاریگا مەزنە، لە جامی جیهانیی 2026دا رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت و بەیەکەوە لەگەڵ یاریی کۆتاییدا، 8 یاریی گرنگی مۆندیالی تێدا بەڕێوەدەچێت.

وەک ئەوەى توانا نەقى باسى دەکات، هاندەرانی تۆپی پێ لە ئێستاوە کاتژمێرەکان دەژمێرن و ئاواتەخوازن لە یاریی کۆتایی سەر گۆڕەپانی مێتڵایڤدا، جارێکی تر رووبەڕووبوونەوەی مێژوویی نێوان لیۆنێل میسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆ بە چاوی خۆیان ببینن.