ئۆژین نەوزاد: ئەگەر ببمە سەرۆکی فیدراسیۆنی ئەرجەنتین مێسی دەکەمە راهێنەر
دیلان محەمەد – سلێمانی
ئۆژین نەوزاد، گۆرانیبێژی دیاری سلێمانی گۆرانیە ترێندەکەی لەبەر خاتری مێسی دەگۆڕێت و دەڵێت، مێسی دەکەمە راهێنەر.
ئیدی جەو جەوی مۆندیالە و تاقیکردنەوەیەکی جیاواز دوور لە کاری هونەری لەگەڵ هونەرمەندەکان دەکەین، ئەمجارەیان ئۆژین نەوزادە کە هاندەری سەرسەختی ئەرجەنتینە و لە کاتی ئاڕاستەکردنی پرسیارەکانی پەیوەست بە مۆندیال، وا دەرکەوت زانیاریی باشی لەسەر تۆپی پێ هەیە، هەرچەندە بەشێکیمان پێ دەوتەوە و هاوکاریمان کرد، کاتێک دەربارەی مۆندیالی ساڵی 1994 پرسیاری لێکرا، بە پێکەنینەوە وتی: “ئەو مۆندیالە بیرم نایەت، چونکە من خۆم لەدایکبووی ساڵی 1996م.”
سەبارەت بە خۆشەویستی بۆ ئەستێرەکان، ئۆژین ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو هاندەری سەرسەختی مێسییە و دەڵێت: توانایەکی یەکجار زۆری هەیە و من تەنها لەبەر خاتری ئەو هاندەری ئەرجەنتینم. بەڵام وەک لایەنگری دووەم وتی: دوای ئەرجەنتین حەز دەکەم بەڕازیل مۆندیال بباتەوە، چونکە نەیمارم زۆر خۆشدەوێت.
پەیامنێری 964 زۆری لێکرد کە ئەگەر لە کاتی یارییەکی گرنگدا کۆنسێرت یان لایڤ موزیکی هەبێت، ئامادەیە لایڤ موزیک نەکات؟ بەڵام ئۆژین نەوزاد رەتیکردەوە دەستبەرداری کارەکەی ببێت و وتی: “من فریای هەردووکیان دەکەوم؛ چونکە هەوادارەکانم گوناحن و لەبەر من هاتوون، بۆیە ناتوانم جێیان بهێڵم.
پێداچوونەوە؛ پەری ساڵح