سن و كیسەڵە جوتیارانی كۆیه‌ی هەراسانكردووە
964+
شلێر سەعید – كۆیە
هێشتا گەنم گوڵی نەكردووە جوتیارانى كۆیه ترسیان لێنیشتووە بەهۆی بینینی سن و كیسەڵە، بەرێوبەری كشتوكاڵیش نایشارێته‌وه كه مه‌ترسییه‌كه نه‌بێت، به‌ڵام ده‌ڵێت “جارێ بەهۆی بارانه‌وه زۆر دەرناكەون”.
سن و كیسەڵە، ئەو بونەوەرەی كە ناهێڵێت گوڵەگەنم گەشە بكات و ئافات بۆ ده‌غڵودان دێنێت، لەئێستاشه‌وه ترسی لاى جوتیارانى دەشتی كۆیە دروستكردووه .
رێباز شەریف، جوتیارێكی دەشتی كۆیەیه، بە 964ـی وت “سن و كیسەڵە هەیە و بینراویشە، بەڵام هێشتا زووە بۆ ئەوەی بە زۆری دیاركەوێت چونكە هێشتا گەنم گوڵی نەكردووە”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، ئه‌وان ترسی بارانیان هەبوو نەبارێت، بەڵام ئێستا ترسیان هەیە كە سن و كیسەڵە كه بەرهەمی گەنمیان لەناو ببات.
یوسف سەلیم بەرێوه‌بەری كشتوكاڵ لە قەزای كۆیە بە 964ـی راگەیاند “ئه‌مساڵ سن و كیسەڵە لە چەند گوندێك بینراون، بەڵام بەهۆی باران و هەورو تریشقە خۆی دەشاریتەوە زۆر دەرناكەوێت لەم وەرزە”.
به‌قسه‌ى ناوبراو ئەو سن و كیسه‌ڵه‌یه‌ى ئێستا هه‌یه هی ساڵی پارە كه نێرە و مێیەى سن و كیسه‌ڵه گەرا دادەنێن و زیاد دەكەن، وتیشى “گەراكان زیانێكی زۆر لەگەنم دەدەن لەوكاتەی كە پێدەگات”.
یوسف، ئەوەشی خستەڕوو كە چارەسەر لە ئێستا تەنها هەڵمەتی لەناوبردنی دەستیە، ئەویش بەدەست ئەو داكانەو بابانانه لەناو ببرێت، چونكه ده‌ڵێت “گەر رێژەیان زۆر بێت به‌ئاسانى له‌ناوناچن” .
له‌باره‌ى هاوكاریكردنى جوتیارانى ئه‌و سنووره‌ش وتى “لە ئێستادا هیچ داهاتێكمان نیە بۆ كرینی دەرمان، تا له وەزارەت بودجەیه‌ك بۆ ئه‌م مه‌به‌سته دابین نه‌كرێت، ناتوانین هیچیان بۆ بكه‌ین”.
به‌پێی زانیاریه‌كانى 964، ساڵانه لە سنوری قەزای كۆیە، زیاتر لە 206 هەزار و 500 دۆنم زه‌وى بۆ چاندنى گه‌نم به‌كارده‌هێندرێت، ساڵانەش نزیكەی 100 هەزار تەن گەنم بەرهەم دێت.
پێداچوونه‌وه: فه‌رهاد حه‌سه‌ن