ڤلادمێر پوتین سەرۆکی روسیا. وێنە: KREMLIN
روسیا دوو هەزار و 440 کیلۆمەتر چوارگۆشەی ئۆکرانیای کۆنترۆڵ کردووە
پوتین: ترەمپ داوای لێکردین تەنازول بکەین و بۆ رێککەوتنیش ئامادەین
هەژان هادی
ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا رایگەیاند هێزەکانیان لە پێشڕەوی بەردەوامدان و لەم دواییانەدا دوو هەزار و 440 کیلۆمەتر چوارگۆشە لە خاکی ئۆکرانیایان کۆنترۆڵ کردووە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، هەرچەندە هەندێک درۆنی ئۆکرانی دەگەنە ناوخۆی وڵاتەکەی و پێویستە سیستەمی بەرگری بەهێزتر بکەن، بەڵام ئۆکرانیا خاوەنی ئەو مووشەکە کروز و چەکانە نییە کە لای روسیا هەن و وڵاتەکەشی هەموو سەرچاوەیەکی هەیە بۆ پێکانی ئامانجە سەربازییەکانی.
سەبارەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، پوتین ئاشکرای کرد کە ئامادەن رێکبکەون بەو مەرجەی ئۆکرانیا تەنازول لە هەندێک بابەت بکات. هەروەها باسی لەوە کرد کە دۆناڵد ترەمپ لە ئالاسکا داوای لێکردووە دەستبەرداری هەندێک شت ببن و روسیاش بۆ ئەوە ئامادەیی تێدایە.
پوتین وتیشی، یەکێتی ئەوروپا ناتوانێت ببێتە ناوبژیوانی سەرەکی لەم کێشەیەدا، بەڵام دەتوانێت وەک لایەنێکی یارمەتیدەر دەور ببینێت.
لە لایەکی دیکەوە، سەرۆکی روسیا جەختی لە پتەویی هاوپەیمانێتییەکەی لەگەڵ پەکین کردەوە و رایگەیاند، هاوکارییە سەربازییەکانیان لەگەڵ چین بەردەوامە و بەرژەوەندییەکانی هەردوولا لەم بوارەدا یەکسانن. پوتین دووپاتی کردەوە کە روسیا بە پشتبەستن بە تواناکانی خۆی و هاوپەیمانەکانی، هەموو هەنگاوێکی پێویست دەگرێتەبەر بۆ گەیشتن بەو ئامانجە ستراتیژییانەی کە لە سەرەتای جەنگەکەوە دەستنیشانی کردوون.