214 جوتیاری سنووری پارێزگای سلێمانی ئاگادار کراونەوە
هەر جوتیارێک مۆڵەتەکەی نوێ نەکاتەوە باخەکەی لێوەردەگیرێتەوە
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
214 جوتیاری سنووری پارێزگای سلێمانی ئاگادار دەکرێنەوە، ئەگەر مۆڵەتی باخەکانیان نوێ نەکەنەوە لێیان وەردەگیرێتەوە.
ئاگادارکردنەوەکەیان لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی سلێمانییەوە بۆ چووە و مۆڵەتی تا 1.4.2023یان دراوەتێ بۆ نوێکردنەوەکە.
ئەو جوتیارانە لە لایەن کشتوکاڵی سلێمانییەوە زەوییان پیدراوە و پێویستە لەسەریان ساڵانە مۆڵەتەکەیان نوێ بکەنەوە.
شاڵاو جەمال، بەڕێوەبەری بەرێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی سلێمانی بە تۆڕی 964ـی راگەیاند: بەپێی گرێبەستەکە دەبوو مۆڵەتەکەیان لێوەربگرینەوە، بەڵام دەرفەتێکی ترمان داونەتێ بۆ نوێکردنەوەیان.
هەر جوتیارێک بیەوێت داوای زەوی لە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی سلێمانی دەکات و ئەگەر زەوی هەبێت بۆ دروستکردنی باخ دەیدرێتێ و بۆ هەر دۆنمێک ساڵان 600 دینار لە جوتیارەکە وەردەگیرێت.
“لە کاتی تازەکردنەوەی مۆڵەتەکان لیژنە دەچێتە سەر باخەکان و هەر زەوییەک فرۆشرابێت یان زیادەڕۆیی کرابێتەسەر ئەوا مۆڵەتەکەی بۆ نوێ ناکرێتەوە”، شاڵاو جەمال وای وت.