"تەندروستییەکەی سەرنجڕاکێش و متمانەپێکراوە"

راپۆرتێکی  نوێی پزیشکیی بە دۆخی تەندروستی ترەمپ بڵاوکراویەوە

فەرهاد حەسەن

بەرپرسێکی باڵای پزیشکی لە ئیدارەی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ، رایگەیاند سەرۆک لە دۆخێکی تەندروستی “سەرنجڕاکێش و متمانەپێکراو” دایە، ئەمەش پاش ئەوەی پشکنینە پزیشکییە خولییەکان نەیانتوانیبوو بە تەواوی ئەو گومان و پرسیارانە بڕەوێننەوە کە لەسەر دۆخی جەستەیی ئەو دروست ببوون.

محەمەد ئۆز، بەڕێوەبەری سەنتەرەکانی چاودێری و خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانی ئەمریکا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی بەرگریی لە دۆخی تەندروستی دۆناڵد ترەمپ کرد، پاش ئەوەی رۆژی هەینی رابردوو راپۆرتی فەرمی پزیشکی لەسەر باری تەندروستی سەرۆک بڵاوکرایەوە.

ئەم دکتۆرە، کە ناوبانگەکەی بۆ پێشکەشکردنی بەرنامە تەلەفزیۆنییە بەناوبانگەکەی “The Dr. Oz Show” بۆ ماوەی زیاتر لە 10 ساڵ دەگەڕێتەوە، لەبەردەم رۆژنامەنووساندا وتی “ئەگەر سەیری ئەم تۆمارە پزیشکیانە بکەن، دەبینن کە بە راستی سەرنجڕاکێش و متمانەپێکراون.”

ئەو پزیشکە باڵایە دەشڵێت “سەرۆک خاوەنی توانایەکی بێوێنە و تایبەتە بۆ بەردەوامبوون لەسەر کارەکانی بە چالاکی.”

دۆناڵد ترەمپ کە لە 14.62026 تەمەنی دەبێتە 80 ساڵ، بە بەتەمەنترین کەس دادەنرێت کە تاوەکو ئێستا پۆستی سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای وەرگرتبێت، هەر ئەمەش وایکردووە تەندروستی ئەو هەمیشە لەژێر چاودێری میدیاکاندا بێت.

لە راپۆرتی پزیشکی هەفتەی رابردوویدا هاتبوو کە ترەمپ لە دۆخێکی تەندروستی “نایاب” دایە، بەڵام پێویستی بەوەیە کێشی جەستەی کەم بکاتەوە.

هاوکات، دکتۆر ئۆز لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رادەست بەو پرسیارانە نەبوو کە رەخنەیان لەوە دەگرت بۆچی ترەمپ لە ماوەی 13 مانگی رابردوودا سێ پشکنینی پزیشکی ساڵانەی ئەنجامداوە، لە کاتێکدا جۆ بایدن، سەرۆکی پێشوو، ساڵانە تەنیا یەک پشکنینی دەکرد.

ئۆز وتی “پێموایە ئەو تەنیا دەیەوێت بە تەواوی دڵنیا ببێتەوە لەوەی هەموو شتێک بە باشی بەڕێوەدەچێت، چونکە ترەمپ کەسێکی زۆر وردبینە.”

لە ماوەی رابردوودا دەرکەوتنی هەندێک نیشانە وەک شینبوونەوەی دەستەکانی ترەمپ، ئاوسانی پاژنەی پێیەکانی و خەواڵوویی ئاشکرای لە هەندێک کۆبوونەوە فەرمییەکاندا، ببووە هۆی دروستبوونی شەپۆلێک لە پرسیار و گومان لەسەر راستیی باری تەندروستی جەستەیی و مێشکی ئەو.