دابەشکردنی سەبەتەی خۆراکی مانگی رەمەزان دەستیپێکرد

964+
فەهمی نەبی

لە ئەمڕۆ شەممەوە، سێیەم بەشە خۆراکی ئەمساڵ بەسەر هاوڵاتیان دابەش دەکرێت، وەزارەتی بازرگانی عێراق ئەو بەشە خۆراکەی ناولێناوە سەبەتەی خۆراکی مانگی رەمەزان.

بڕیارە ئەمڕۆ 18.3.2023 سێیەم بەشە خۆراکی ئەمساڵ بەسەر بریکارەکانی خۆراک لە هەموو پارێزگاکانی عێراقدا دابەش بکرێت کە هەریەکە لە کیلۆیەک شەعرییە، تەبەقەیەک هێلکە، پێنج کیلۆ ئاردی سفر، نیو کیلۆ نیشاستەی لەگەڵە.

وەزارەتی بازرگانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا، کە رۆژی هەینی 17ی ئادار بڵاویکردووەتەوە، هەواڵی دابەشکردنی سێیەم بەشەخۆراکی راگەیاندووە.

لە راگەیەنراوەکەی وەزارەتی بازرگانیدا جەخت لەسەر دوانەکەوتن و بەپەلە دابەشکردنی ئەو بەشەخۆراکە کراوەتەوە، بەهۆی نزیکبوونەوەی مانگی رەمەزان.
بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی بازرگانی، هەر مانگێک 41 ملیۆن و 300 هاوڵاتی عێراقی لە بەشەخۆراکی مانگانە سوودمەند دەبن.