شکانی شاشەکان دەبێتە خەیاڵ

میدیازان – بڵند عوسمان – هەولێر

بۆ یەکەمجار، کۆمپانیای ئێڵجی شاشەیەک دروست دەکات کە توانای کشان و گەورەبوونی هەیە بەبێ تێکچوون.

ئەم شاشە نوێیە توانای بەرگەگرتنی جیاوازە لەوانەی پێشوو، بە جۆرێک شاشەیەکی قەبارە ١٢ ئینجی دەتوانێت بەرگەی راکێشان بگرێت و قەبارەکەی گەورەبێت بۆ ١٤ ئینج.

پێشتریش کۆمپانیای ئێڵجی ئەم جۆرە شاشەیەی بەکارهێنابوو لە هەندێک جۆری تیڤی کە دەتواندرا تیڤیەکە لولبدرێت و هەڵبگیرێت.

یەکێک لە گرفتە گەورەکانی جیهانی ئامێرە زیرەکەکان ناسکی شاشەکەیانە کە لەوانەیە بە یەک زەبری بچوک یان کەوتنەخوارەوە تووشی شکان ببن، بەڵام ئەم داهێنانە رەنگە چارەسەری بکات.

ئێڵجی کۆمپانیایەکی بواری تەکنەلۆژیایە، لە ساڵی ١٩٥٣ لە کۆریای باشور دامەزراوە، یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی جیهان لە بۆ بەرهەمهێنانی ئامێری ئەلیکترۆنی، بەتایبەت دروستکردنی شاشە بۆ ئامێرە جیاوازەکان.