خاوەن غەسالەکان نۆژەنیان کردەوە

رێگای بارھەڵگرەکانی مەرزی پەروێزخان چاککرایەوە “پردەکەی تۆڤگە”

964+

میلاد جەلال_گەرمیان

باران بارین و لافاوی ماوەی رابردوو پردی گوندی تۆڤگەی سنوری ناحیەی مەیدانی لە ئیدارەی گەرمیان رووخاند و بەهۆیەوە هاتوچۆی ژمارەیەک زۆری بارهەڵگر وەستا بەتایبەتیش ئەوانی هاتوچۆی مەرزی پەروێزخانیان دەکرد، ئەمڕۆش پردەکە نۆژەنکرایەوە و خرایەوە خزمەت بارھەڵگرەکان.

سەروەت ئەمین، بەرێوەبەری ناحیەی مەیدان بە 964ى وت،”ئەو پردە فەرمی نیە و خاوەنی غەسالەکان بۆ ھاتووچۆی خۆیان دروستیان کردووە و بەشێک لە بارھەڵگرەکانی مەرزی پەروێزخانیش بەوێدا ھاتووچۆ دەکەن”.

لە تەنیشت ئەو پردەوە پردێکی ئاسنین ھەیە کە لە سەردەمی حکومەتی بەعس دروستکراوە، بەڵام رێگا بە ھاتووچۆی بارھەڵگر نادرێت بەسەریدا هاتوچۆ بکەن، بۆیە خاوەن غەسالەکان ئەو پردەیان بۆخۆیان دروستکرد.

“ئەو کەسانەی کە پردەکەیان دروستکردبوو، ھەفتەی رابردوو ھاتنە لامان بۆ رێگەدان بە نۆژەنکردنەوەی پردەکە، پێمان وتن ئەگەر ئامێریشتان پێویستبوو ھاوکاریتان دەکەین، بەڵام خۆیان چاکیان کردەوە”،ئەمەش قسەی سەروەت ئەمینە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ماوەیەی کە ئەو پردە رووخا بوو ھاتووچۆی بارھەڵگرەکانی قورستر کردبوو، دەبوایە برۆشتنایە بۆ رێگای ژاڵەناو، بەڵام لە ئەمڕۆوە پردەکە خرایەوە خزمەت بارھەڵگرەکان.

پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن