"ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەیان شەرمەزارکارانەیە"
ئێران وەڵامی ئەمریکای لەبارەی بۆردومانی قوتابخانەی (میناب) دایەوە
فەرهاد حەسەن
دوای ئەوەی دوێنێ براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لەبەردەم کۆنگرێسی وڵاتەکەیدا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی سەبارەت بە هێرشكردنە سەر قوتابخانەی مینابی کچان لە ئێران ئاشکرا کرد، کە هۆکاری هێرشەکەیان ئەوەبووە کە “بنکەیەکی موشەکیی چالاک لە ژێر بینای قوتابخانەکەدا بووە بۆیە ئەوانیش بۆردومانیان کردووە” بەڵام ئێران ئەوە رەتدەکاتەوە و دەڵێت “ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەیان شەرمەزارکارانەیە”
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە پلاتفۆڕمی X دا بڵاویکردووەتەوە، هەوڵی شەرمەزارانەی ئەمریکا بۆ پاساوهێنانەوە بۆ کۆمەڵکوژی میناب، سروشتی راستەقینەی خۆی ناشارێتەوە.
دەڵێت “ئەو بانگەشەیەی کە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (CENTCOM) کە دەڵێت ژێر قوتابخانەکە بنکەیەکی موشەکیی لێبووە، بێ بنەمایە و بە تەواوی چەواشەکارانەیە.”
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم شێواندنە ئاشکرایە هەوڵێکی روونە بۆ شاردنەوەی سروشتی ئەو هێرشە مووشەکیانەی کە لە 28.2.2026 روویانداوە، کە لە ئەنجامدا زیاتر لە 170 خوێندکار و مامۆستا شەهید بوون.
دووپاتیشیدەکاتەوە، کە ئەو فەرماندە سەربازی و بەرپرسانەی ئەمریکا کە فەرمانی ئەم هێرشە کارەساتبارەیان داوە، دەبێت لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.