رێکخراوە مرۆییەکان داوای بەهاناوەچوون دەکەن
لە ویلایەتی (کۆردۆفان)ی سوودان 69 کەس بەهۆی نەخۆپشی کۆلێرا گیانیان لەدەستدا
فەرهاد حەسەن
میدیاکانی وڵاتی سودان گیان لەدەستدانی 69 کەسیان لە ویلایەتی کۆردۆفانی رۆژئاوای ئەو وڵاتە بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا راگەیاند.
ژووری فریاکەوتنی کۆردۆفان ئاشکرای کرد، گیانلەدەستدانی ئەم 69 کەسە لە ماوەی دوو رۆژ بووە و تەنیا دوێنێ 22 حاڵەتی گیانلەدەستدانیان تۆمارکردووە و هۆکارەکەش خێرایی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکەیە.
ئەو شوێنانەی کە زۆرترین حاڵەتیان تێدا تۆمارکراوە، بریتیین لە ئیدارەی فوجە و گوندەکانی دەوروبەری و ناحیەی وادبەندە سەر بە ویلایەتی کۆردۆفان و رۆژنامەی (السودان الان) یش بڵاویکردووەتەوە “نەخۆشییەکە لە کۆنتڕۆڵ دەرچووە”.
بە پێی راگەیاندراوێکی تەندروستی ویلایەتەکە، تاوەکو دوێنێ 64 حاڵەتی پشتڕاستکراوی تووشبوون بە کۆلێرا تۆمارکرابوون و 22 حاڵەتی گیانلەدەستدانیش هەبووە و ئەمڕۆش نەخۆشەکان لە بارودۆخێکی زۆر ئاڵۆزی مرۆیی و تەندروستیدا رووبەڕووی چارەنووسی خۆیان دەبنەوە.
دەسەڵاتدارانی تەندروستی و رێکخراوە مرۆیی و فریاگوزاریەکانیش داوای دەستێوەردانی خێرا و بەپەلەیان کردووە بۆ رزگارکردنی دانیشتوان و کۆنتڕۆڵکردنی پەتاکە پێش ئەوەی بگۆڕێت بۆ کارەساتێکی مرۆیی بەرفراوان و ناوچەکانی دیکەی کۆردۆفان بگرێتەوە.