لە ئەمریکا

هێرش کرایەسەر بنکەیەکی ئیسلامی و پێنج کەس کوژران

ئەرسەلان عەبدوڵا

میدیای ئەمریکا بڵاویانکردەوە، لە نزیک مزگەوتێک لە ناوچەی کلیرمۆنت لە سان دیێگۆی ئەمریکا، دوو کەس بە چەک تەقەیان کردووە و لە ئەنجامدا پێنج کەس کوژران، کە دووان تەقەکەرەکان بوون.

رووداوەکە دوێنێ (بە کاتی ئەمریکا) روویداوە و چەکدارەکان هێرشیان کردووەتە سەر بنکەیەکی ئیسلامی.

پۆلیسی سان دیێگۆ رووداوەکە بۆ بابەتی “رقلێبوونەوە” دەگەڕێنێتەوە، ئەو کەسانەی هێرشیان کردووە دژی موسڵمانان بوون.

بە گوێرەی میدیاکانی ئەمریکا، دوو چەکدارەکە گەنج بوون و تەمەنیان 17 و 19 ساڵە و بە کوژراوی لە ناو ئۆتۆمبێلەکەیان دۆزرانەوە.

پۆلیس دەڵێت، هێشتا خەریکی لێکۆڵینەوەن و پێش هێرشەکەش دایکی یەکێک لە تەقەکەرەکان پەیامی بە پۆلیس گەیاندووە، کوڕەکەی لەگەڵ کەسێکی دیکە بە چەکەوە رۆیشتوون و دیار نین.

هاوکات پۆلیس دەڵێت یەکێکی دیکە لە کوژراوەکان، پاسەوانی بنکە ئیسلامییەکە بووە، کە مزگەوتێکیش لە شوێنەکەدا هەیە.