موجتەبا خامنەیی رابەری ئێران:

“خوێندنەوەمان بۆ کردنەوەی چەند بەرەیەکی دیکەی شەڕ کردووە”

شۆڕش قادری

بەرپرسانی ئێران وەڵامی هەڕەشەکانی ترەمپ دەدەنەوە و دەڵێن، هێزە چەکدارەکانیان دەستیان لەسەر پەلەپیتکەیەوە و ئەمریکا و ئیسرائیل هەر هەڵەیەک بکەن، بە توندی وەڵامیان دەدەنەوە.

نوسینگەی موجتەبا خامنەیی رابەری ئێران بڵاویکردووەتەوە، خوێندنەوە بۆ کردنەوەی چەند بەرەیەکی دیکەی شەڕ کراوە کە دوژمن تیایدا ئەزمونێکی ئەوتۆی نییە و زەرەری زۆر دەبینێت، لە ئەگەری بەردەوامی شەڕ بەپێی رەچاوکردنی بەرژەوەندییەکان، ئەو بەرانە چالاک دەکرێن.

هاوکات عەلی عەبدوڵاهی فەرماندەی قەرارگای ناوەندی خاتەمولئەنبیا رایگەیاند، “بە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەڵێین، دووبارە تووشی هەڵەی ستراتیژی نەبنەوە، باش بزانن کە هێزە چەکدارەکانمان بەراورد بە رابردوو ئامادەتر و بەهێزترن، دەستیان لەسەر پەلەپیتکەیە و بۆ هەر جۆرە دەستدرێژییەکی دوژمنان بۆ سەر خاکی وڵاتەکەمان وەڵامێکی توند و یەکلاکەرەوەیان دەبێت”.

لای خۆشیەوە، موحسن رەزایی فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران و ئەندامی ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران دەڵێت، “مشتی ئاسنینی گەل و هێزە چەکدارەکانمان ترەمپی ناچار بە پاشەکشێ کرد”.

ئەوەش دوای ئەوە دێت لە شەوی رابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بڕیاری دابوو ئەمڕۆ هێرش بکەنەوە سەر ئێران، بەڵام لەسەر داوای هاوپەیمانەکانیان هێرشەکەیان دواخستووە.