وێنەی عەجاجیان لەسەر شیرینییەکان داناوە
بەخۆشی بەسزاگەیاندنی عەجاج لە کەرکوکەوە شیرینیان بردووەتە چەمچەماڵ
عەزیز عەبدوڵا – چەمچەماڵ
بەشێک لەو هاوڵاتیانەی لەکاتی دادگاییکردنی عەلاج جەلادەکەی زیندانی نوگرە سەلمان لە زیندانی رەسافەی بەغدا ئامادەبوون، لە کەرکوکەوە شیرینیان لەگەڵ خۆیان بردە چەمچەماڵ و خۆشییەکەیان لەگەڵ کەسوکاری ئەنفالکراوان لەو قەزایە بەشکرد.
سۆزان سابر وێنەی عەجاجی لەسەر شیرینییەکان داناوە و لە وێنەکەدا نووسراوە، “کەس لە سزا رزگاری نابێت و هەموو زاڵمێکی کورد دەگات بە دادگایی خۆی”، سۆزان سابر دەڵێت، “ئەم ئیشەمان لەبەر ئەوە کردووە کە بە دوژمنانی کورد بڵێین، رۆژی خۆشحاڵیمان وێنەکانیان بڵاودەکەینەوە و شیرینی دەبەخشینەوە”.
نیشتمانی عەلیش کە لە کاتی دادگاییکردنی عەجاج بەهۆی تۆمارکردنی ڤیدیۆی عەجاج لێپێچینەوەی لەگەڵدا کراوە، دەڵێت، “بەسەر عەجاجدا توڕەبووم و پێموت، تۆ منت بە عەمودە بەستەوە و تەعزیبت دام، دایکمەت تووشی سەرەتان کرد”.
رۆژی پێنجشەممە 14.5.2026 لە دادگای تێهەڵچوونەوەی بەغداد/ رەسافە، دووەمین دانیشتنی دادگاییکردنی (عەجاج ئەحمەد حەردان عوبێدی)، بەرپرسی زیندانی نوگرە سەلمان بەڕێوەچوو و بەرامبەر ئەو تاوانکارییانەى بەرامبەر کچ، ژن، منداڵ و پیاوانى کورد کردوویەتى، دادگا بڕیاری لەسێدارەدانى بۆ دەرکرد.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری