ژاپۆن

ماددەی تیشکدەری ئەتۆمی دزەی کردووە و مەترسی هەیە

ئەرسەلان عەبدوڵا

کۆمپانیای کارەبای تۆهۆکو، بەڕێوەبەری وێستگەی کارەبای ئەتۆمی ئۆناگاوا لە پارێزگای میاگی لە ژاپۆن، هەواڵی دزەکردنی شلەی تیشکدەری لە یەکەی دووەمی بەرهەمهێنانی وێستگەکەدا بڵاوکردەوە.

لە بەیاننامەیەکدا کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەکردووە، دزەکردنەکە لە بەشی تۆرباین لە کاتی رۆژدا دۆزراوەتەوە.

کۆمپانیاکە ئاشکرای کردووە، شلە تیشکدەرەکە لە رێگەی درزێکی تانکی ئاوەڕۆی پەمپە چڕەکانەوە دزەی کردووە، بەڵام لە کاتی رووداوەکەدا وێستگەکە بە تەواوی کوژابووەوە.

کۆمپانیاکە دووپاتی کردەوە، شلەکە لە باڵەخانەکە دەرنەچووە و هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ژینگەی دەوروبەری نەبووە.

لە هەمان چوارچێوەدا کۆمپانیاکە رەتیکردەوە هیچ پەیوەندییەکی نێوان ئەم رووداوە و بوومەلەرزەیەک هەبێت، کە ئێوارەی هەمان رۆژ بە 6.3 پلەی رێختەر ناوچەکەی هەژاندووە، جەختیشان لەوە کردەوە کە ئەو دوو رووداوە بە شێوەیەکی جیاجیا روویانداوە.

وێستگەی ئەتۆمی ئۆناگاوا دەکەوێتە کەنارەکانی باکووری دوورگەی هۆنشو کە نزیکەی 330 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژهەڵاتی تۆکیۆوە دوورە و لە ساڵی 1984ەوە کاردەکات.