گرانبوونی دۆلار پرۆژەی پاڵاوگەی ئاوی باوەنووری وەستاندووە

+964

میلاد جەلال – گەرمیان

ماوەی نزیکەی دوو ساڵە پرۆژەی پاڵاوگەی ئاوی ناحیەی باوەنوور لە سنوری کەلار رەزامەندی لەسەر بونیادنانی دراوە، بەڵام تائێستا دەستنەکراوە بە کارکردن تێیدا، بەڕێوەبەری ناحیەکەش دەڵێت بەھۆی گرانبوونی دۆلارەوەیە.

عەدنان عەلی، بەڕێوەبەری ناحیەی باوەنوور بە تۆڕی 964ی راگەیاند، “بە پێی نرخی ئێستای دۆلار بودجەی پرۆژەکە زیادکراوە و لە ئایندەیەکی نزیکدا دووبارە تەندەرین بۆ پرۆژەکە دەکرێت،” بەڵام ئاماژەی بە بڕی بودجەکە نەکرد، کە بۆی زیادکراوە.

بە تەواوکردنی پرۆژەکە کێشەی ئاوی خواردنەوەی دانیشتوانی ناحیەکە بە تەواوی چارەسەر دەبێت

جێگەی پرۆژەکە دەکەوێتە سەرووی بەنداوی باوەنوورەوە، پێشتر و لە ساڵی 2021 رەزامەندیی دروستکردنی پرۆژەکە دراوە، بە بڕی 898 ملیۆن دینار. بە تەواوکردنی پرۆژەکە کێشەی ئاوی خواردنەوەی دانیشتووانی ناحیەکە بە تەواوی چارەسەر دەبێت.

دوو جار تەندەرین بۆ پرۆژەکە کراوە، بەڵام بەھۆی کەمیی بودجەکەیەوە ھیچ وەبەرھێنەرێک ئامادەنەبووە پرۆژەکە وەربگرێت، بەھۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار.

لە 8.1.2023 دەرخستەی تازەی بۆ کراوەتەوە و ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر زیادکردنی بودجەی پرۆژەکە دەربڕیوە، بەڕێوەبەری ناحیەی باوەنوور وای وت.