ماکرۆن:
“هەرگیز بیرمان لەوە نەکردووەتەوە کەشتی جەنگی بۆ هورمز بنێرین”
فەرهاد حەسەن
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، پاریس “هەرگیز بیری لەوە نەکردۆتەوە” کەشتی جەنگی بۆ تەنگەی هورمز بنێرێت و لەوێدا جێگیر بکات، بەڵکو ئەگەر ئەرکێکی ئەمنی دەریایی هەبێت “بە هەماهەنگی لەگەڵ ئێران” ئەنجام بدات.
ماکرۆن لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە نایرۆبی، دوای ئەوەی بەرپرسێکی ئێرانی هۆشداریدابوو لە وەڵامدانەوەی “یەکلاکەرەوە و دەستبەجێ” بۆ فەرەنسا و بەریتانیا ئەگەر کەشتی جەنگی بۆ تەنگەی هورمز جێگیر بکەن، ئەم هەڵوێستەی سەرەوەی دووپاتکردەوە.
ئەمڕۆ سەعید خەتیبزادە، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەدابوو کە هەر جۆرە جێگیرکردنێک یان دانانی کەشتی جەنگی لە دەوروبەری تەنگەی هورمز (کە ناوی فەڕەنسا و بەریتانیای هێنابوو) بە بیانووی پاراستنی کەشتیوانی تەنیا قەیرانەکە زیاتر دەکات و ئاماژەی بەوەدا کە ئاسایشی دەریایی لە ڕێگەی نمایشکردنی هێزی سەربازییەوە بەدی نایەت.