رانیە: زەوی بۆ دروستکردنی کوشتارگەیەکی مۆدێرن نییە

 964+

مەجید بتوێنی

کوشتارگەی ئاژەڵی رانیە مەرجی تەندروستی تێدانییە و داوای داخستنی دەکرێت، بۆگەنی پاشەڕۆکانیش هاوڵاتیانی هەراسان کردووە .

رێکخراوی میدیکۆ، 24 ساڵ پێش ئێستا کوشتارگەیەکی بچوکی لە شاری رانیە دروستکرد، شارەوانی رانیە ساڵانە بەکرێی دەدات و توانای سەربڕینی 50 سەرئاژەڵی گەورەوبچوکی هەیە لە رۆژێکدا، جگەلەوەی نەخشەی شار گەشەی کردوە و کەوتوەتە ناو ماڵانەوە، بە شێوەیەک بۆگەنی پاشماوەی کوشتارگەکە هاوڵاتیانی بێزارکردووە.

محەمەد سەلیم لێپرسراوی چاودێری تەندروستی راپەڕین بە تۆڕی 964ی ڕاگەیاند، چەند جارێک لیژنەکانیان سەردانی ئەو شوێنەیان کردوە، کوشتارگەی رانیە هیچ مەرجێکی تەندروستی تێدانیە، بۆ ئەو مەبەستە بە راپۆرت نوسراویان کردوە بۆ سەرووی خۆیان کوشتارگەکە دابخرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی کوشتارگەکە موڵکی حکومەتە گواستنەوەی قورسە و پەیوەندی بەشارەوانی رانیەوە هەیە بۆیە بڕیارەکەی ئەوان جێبەجێ ناکرێت.

وتیشی، سەرباری ئەوەی مەرجی تەندروستی تێدانییە، شوێنەکەی گونجاو نییە و کەوتووەتە ناوچەی چڕی دانیشوان.

بەرهەم رەسوڵ، سەرۆکی شارەوانی رانیە بە تۆڕی 964ی ڕاگەیاند، ماوەی سێ ساڵە دەیانەوێت لە رێگەی وەبەرهێنەرێکەوە لە دەرەوەی شار و لە شوێنێکی گونجاو کوشتارگەیەکی گەورەی مۆدێرن لەسەر رووبەری پێنج دۆنم زەوی بۆ هەموو دەڤەرەکە دروست بکەن، بەڵام بەهۆی نەبوونی زەوی گونجاو بە پێی رێنماییەکان تا ئێستا زەوی نەدراوە بە وەبەرهێنەکە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی