ئێستا گەورەبوون و سەردانی دەکەن
زیاتر لە 1000 منداڵی سلێمانی لەسەر دەستی ئەم مامانە لەدایک بوون
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
کارمەندێکی نەخۆشخانەی منداڵبوونی سلێمانی دوو دەیە زیاترە مامانی دەکات و باس لەوە دەکات لەو ماوەیەدا زیاتر لە 1000 منداڵ لەسەر دەستی ئەو لەدایکبوون.
گوڵبەن حەمەئەمین، کارمەندی نەخۆشخانەی منداڵبوونە لە سلێمانی و 22 ساڵ زیاترە مامانە و باس لە یادەوەریە خۆش و ناخۆشەکانی کاتی منداڵبوون دەکات.
گوڵبەن بە 964ـی وت، جارێک دایکێک منداڵی یازدەهەمینی بوو کە کچ بوو، منداڵەکانی تریشی هەر کچ بوون، دواتر کە هاوسەرەکەی هەواڵەکەی بیست کاردانەوەیەکی خراپی هەبووە و ویستویەتی منداڵەکە فڕێ بدات، بەڵام ئەو رێگری لەو کارە کردووە.
گوڵبەن نەیشاردەوە کە دڵی بەوە خۆشە ئێستا بەشێك لەو منداڵانەی لەسەر دەستی ئەو لەدایکبوون، گەورەبوون و سەردانی دەکەن و وێنەی لەگەڵ دەگرن.