46  ساڵ چاوەڕێی هاتنەوەی برا شەهیدەکەی کرد

چیرۆکی “ئایشە دێوانە” ئەو ژنە گەرمیانییە خاوەن ئەنفالەی ماڵئاوایی لە ژیان کرد

فەرهاد حەسەن

پورە ئایشە، کە زۆرێك بە ئایشە دێوانە بانگیان دەکرد، تاوەکو ساتی ماڵئاوایی لە ژیان، قبوڵی نەبوو پێی بڵێین؛ مەلا محەمەدی برات شەهید بووە و لە ژیان نەماوە.

پورە ئایشە کە ناوی تەواوی (عائيشه شەريف ئەمین)ـە، بەهۆی خۆشەویستی لەڕادەبەری بۆ برا شەهیدکراوەکەی بە دەستی رژێمی بەعس، تووشی سەرگەردانی و دێوانەیی بوو، تاوەکو ئەوەی وەك کەسێکی بەخشراو لێی دەڕوانرا.

ئەو، کە ژیانی کچێنی خۆی لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی برا شەهیدەکەیدا بەسەر برد و تاوەکو ساتی ماڵئاوایی لە ژیان، بڕوای تەواوی بەوە هەبوو، مەلا محەمەدی برای دەگەڕێتەوە و ئەمیش وەك خۆشکێك، ژنی بۆ دەهێنێت و ئاهەنگی هاوسەرگیری بۆ سازدەکات.

ئەوەی جێ سەرنج بوو، ئایشە دێوانە، لەو خانووە کەلاوەیەی لە گەڕەکی ئیمام قاسم تێیدا دەژیا، کە کەلاوەیەکی بە جۆرێك داڕوخاو بوو؛ بە ئەندازەی ئەوەی بۆ ژیانی مرۆڤ نەشێت، کەچی ژوورێکی رازاندبووەوە و دەیوت؛ ئەمە ژووری زاوایەتی مەلا محەمەدی برامە.

مەلا محەمەدی برای ئایشە دێوانە، ناوی تەواوی (محەمەد شەریف ئەمین)ـی لە دایکبووی ساڵی 1951 بوو، ئەو یەکێك بوو لە ئەندامانی رێکخستنی نهێنی کۆمیتەی ئاگر و لە ساڵی 1980 لەگەڵ هاوڕێیەکانی دەستگیرکرا و چوونە کاروانی شەهیدان.

ئایشە دێوانە، کە لە دایکبووی ساڵی 1936 بوو، بە درێژایی رۆژ، بە کۆڵان و گەڕەکەکان دەسوڕایەوە و هەر کەس هاتبایەتە سەر رێگاکەی، لە ژن و پیاو و گەنج و منداڵ، پێی دەوت، ئاگاداری مەلا محەمەدی برام دەگەڕێتەوە، بێ ئەوەی ئەو کەسە بناسێت.

خێزانی ئایشە دێوانە، تەنها لەم خوشک و برایە پێکدەهات و لە بنەچەدا خەڵکی (گوندی مام ڕەش)ـین لە ناوچەی ناوشوان.

مەخابن، بەیانی دوێنێ 1.5.2026 ئایشە دێوانە، بەبێی ئەوەی بە مەلا محەمەدی برای شاد ببێتەوە، بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە ژیان دەکرد.

ئەوەی جێی داخە، لە سەرەتای پرۆسەی ئازادی لە ساڵی 2003، چەند جارێك پورە ئایشە (ئایشە دێوانە)ـم لە بارەگای چەند پارتێکی سیاسی کوردی بینی، کە وەك خوی هەمیشەیی بۆ ئەوە دەچوو، پێیان بڵێی، مەلا محەمەدی برای دەگەڕێتەوە.. بەڵام ئەوان گاڵتەیان پێی دەکرد.

تەواوی ئەم چیرۆکەی سەرەوە یەکێتیی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان بڵاویکردووەتەوە کە لەلایەن هێمن حەسیب وەکو یادەوەرییەک لەگەڵ ئەو ژنە خاوەن ئەنفالە نووسراوە.