هاتوچۆی هەولێر بۆ گەنجان و هاوڵاتیان؛

ماتۆڕی بێ تابلۆ و دەنگ گەورە مەکڕن و پارەی خۆتان بە ئاودا مەکەن

شۆڕش قادری

هاتوچۆی هەولێر داوا لە هاوڵاتیانی پایتەخت دەکات ماتۆڕی بێ تابلۆ و دەنگ گەورە نەکڕن و پارەی خۆیان بە ئاودا نەکەن، چونکە لێیان دەسێنرێت و لەناودەبرێن.

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر لە ئاگادارییەکدا دەڵێت، سەرەڕای ئەوەی چوار ساڵە هێنانە ژوورەوەی ماتۆڕی بێ سەرەتا و دەنگ بێزارکەر بۆ ناو شار قەدەغە کراوە و تیمەکانیان شەو و رۆژ هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنیان ئەنجام دەدەن، بەڵام بەردەوام و بەرێگای جۆراوجۆر دەست هاوڵاتیان دەکەوێت.

“ئەوە ماتۆڕە بێ تابلۆ و دەنگ گەورانەی لە دەست گەنجانە بۆ هەراسانکردنی خەڵک و سەرکێشی بەکاردێن، هەموویان دەستبەسەردا دەگرین و لەناویان دەبەین”، هاتوچۆی هەولێر وادەڵێت.

داوایش لە هاوڵاتیان دەکات، هاوکاریان بن و ئەو جۆرە ماتۆرانە نەکڕن و پارەی خۆیان بەفیڕۆ نەدەن، چونکە نە تۆمار دەکرێن و نە رێگاشیان پێدەدرێت بێنە سەر شەقامەکان.