سۆران به‌ده‌ست 8000 ئوتومبێلى بێسه‌ره‌تا ده‌ناڵێنێت

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان گرفتیان بۆ گواستنەوە له‌ سنوورى ئیداره‌ى سۆران دروستكردووه‌ و به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى گواستنه‌وه‌ش ده‌ڵێت، له‌رێگه‌ى لیژنه‌یه‌كه‌وه‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌ جێبه‌جێكردنى رێنماییه‌كانمان له‌سه‌ر ئه‌و ئوتومبێلانه‌ ده‌كه‌ن.

بارزان میر عەلی، بەڕێوەبەری گشتی گواستنەوەی سۆران، ئه‌وه‌ بۆ 964 دووپات ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ته‌واوى ئوتومبێله‌ بێسه‌رتاكان نایاسایین، ده‌شڵێت “سه‌ره‌ڕاى نایاسایی بوونیان كارى كرێ وهاتوچۆكردن به‌ خه‌ڵك له‌سنووره‌كه‌ ئه‌نجامن ده‌ده‌ن”.

ئامارێكی وورد له‌لاى ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌راتیه‌ نیه‌، كه‌ بزاندرێت ژماره‌ى ته‌واوى ئه‌و ئوتومبێله‌ بێسه‌ره‌تایانه‌ چه‌نده‌، به‌ڵام ده‌ڵێت نزیكه‌ى هه‌شت هه‌زار ئوتومبێل ده‌بن.

وتیشی “له‌رێگه‌ى لیژنه‌یه‌كه‌وه‌ كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ ته‌واوى رێنماییه‌كانمان وه‌ك گواستنه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و ئوتومبێلانه‌ جێبه‌جێ بكرێت و بشزاندرێ كه‌ ژماره‌یان چه‌نده‌”.

بەڕێوەبەری گشتى گواستنەوەی ئیدارەی سۆران، وتیشی “تەواوی پاس و مینی پاسەکانی گواستنەوەمان لەناو سەنتەری قەزای ناوەندی سۆران، تەواوی ته‌کسی تەلەفۆن بە پێدانی لۆگۆ رێکخراونەتەوە و رۆژانە کاری گواستنەوەی قوتابییان و فەرمانبەر و مامۆستایان دەکەن، بەڵام بەهۆی هەبوونی رێژەیەکی زۆری ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا لە سنوورەکە گرفتیان بۆ گواستنەوەی سۆران دروستکردووە و نەتوانراوە تائێستا رێکبخرێنەوە”.