یادى کارەسات و بۆردوومانى قەڵادزێ
24ـى 4ـە؛ جێکەڵپەى سەگى هارە
وریا فەتاح
قەڵادزێ، ئەو شارەى دەیان ساڵ لەمەوبەر، بەهۆى دەستدرێژییەکانى رژێمى بەعس هیچ خانوویەکى بەپێوە نەما، بەڵام نەڕووخا و بەپێوە وەستاوە.
قەندیل و مامەندە و ئاسۆس و کوڕیس و کێوەڕەش، چوار وەرزى ساڵ ئەو شارەیان لە ئامێز گرتووە و جێى ناهێڵن.
ئەمڕۆ (24)ی نیسانى 2026، (52) ساڵ بەسەر بۆردومانکردنى ناوەندى شارى قەڵادزێ تێپەڕ دەبێت کە زیاتر لە (400) شەهید و بریندارى لێکەوتەوە.
هێشتا خەڵکى هەرێمى کوردستان پێکەنین و بزەى رێککەوتنى 11ـى ئازار لەسەر رووخساریان لانەچووبوو، رژێم لە بەڵێنەکانى پاشگەز بووەوە، خەڵکى کوردستانیشى بەبێ جیاوازى وەک خیانەتکار لەقەڵەم دەدا.
قەڵادزێى ئەوکات، ناوەندى کۆبوونەوەى شۆڕشگێران و خوێندکارانى زانکۆ بوو، لەوکاتەدا قەڵادزێ جیاوازتر لە هەر شارێکى دیکە زیاتر ختوکەى رژێمى دەدات، هەربۆیە، لە بەیانى 24.4.1974. بە چوار فڕۆکە بۆمبى ناپاڵمیان بەسەر شارەکەدا باراند و خەڵکەکەیان خەڵتانى خوێن کرد.
دنیادیدە و شایەدحاڵانى قەڵادزێ کە لەو کاتەدا هەڕەتى گەنجیان بووە، لەباسى کارەساتەکەدا زۆر چیرۆک ترژیدى دەگێرنەوە، دیارترینیان ئەحمەدى مریەمێیە کە سەرى لە لاشەى جیابووەتەوە و هەنگاو دەنێت.
بۆردومانى (24/4/1974)ى تاکە هێرشى رژێمەکان نەبوە بۆسەر قەڵادزێ، بەشێوەیەک بەچەندین قۆناغ روبەڕوی راگواستن و وێرانكاری بوەتەوە، لە ساڵی (1977) دانیشتوانی گوندەكانی بناری قەندیل راگواستران و دواتریش لەساڵی (1978) گوندەكانی دیكەی دەوروبەری قەزاكە بەزۆرەملێ لەلایەن رژێمی بەعسەوە راگواستران بۆ كۆمەڵگا زۆرەملێكانی بەستەستێن و توە سوران و ژاراوە و پێماڵك.
هەموو ئەو دەستدرێژیانەى رژێم خەڵکى قەڵادزێى بەتەواوى پەست و توڕەکرد، هەموو ئەمانە بوون بە ژانى لەدایکبوونى راپەڕینى 24.4. 1982 کە تێیدا شەهید سنەوبەر و دایکە ئامینە، گیانیان بەخشى و بوون بە سمبووڵى بەرخودان.
دواین قۆناغی راگواستنی زۆرەملێى سنوری قەزای پشدەریش لە (26/6/1989)بو كە قەزاكە بە تەواوی بەناوچەی قەدەغەكراو لەقەڵەمدرا و شارەكە و گوندەكانی دەوروبەری لەگەڵ زەوی تەختكران.
بەپێى بەڵگەنامە مێژوییەکان و لێدوانى دانیشتوانى پشدەر، لە راگواستنى ساڵى 1989ى پشدەر، هیچ خانویەک لە قەڵادزێ بەپێوە نەماوە و هەمووى لەگەڵ زەوى تەخت کرا.
دواین دەیان ساڵ بەسەر رووداو و کارەساتەکانى قەڵادزێ، بەڵام هێشتا کاولکارییەکان رووخسارى شارەکە و دڕندەییەکان رووخسارى خەڵکەکەى بەرنەداوە، لەگەڵ ئەوەشدا قەڵادزێ و قەڵادزێیەکان هەر بەپێوە وەستاون و نەچەمیون.
ساڵانەش لە یادى 24ـى چوار، قەڵادزێیەکان بە دروشمى “24ـى چوارە، جێکەڵپەى سەگى هارە”، یادى ئەو رۆژانە دەکەنەوە، بەڵام ئەمساڵ بە فەرمى هیچ یادێک ئەنجام نەدرا.