"بڕیارەکە جێبەجێ دەکرێت و ئامێر نییە"
“خۆ گەرووی هورمز لێرە دانەخراوە ئێمە غازمان نییە”
+964
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
بڕیاری بەئەلکترۆنیکردنی دابەشکردنی غازی ماڵان لە خورماتوو لە جیاتی ئاسانکاری بووەتە هۆی دروستبوونی قەیران و سستی لە دابەشکردنی بەسەر هاوڵاتییاندا، هاوڵاتییەکیش دەڵێت خۆ گەرووی هورمز لێرە دانەخراوە تا ئەوان غازیان نەبێت.
سەربەست محەمەد، یەکێک لە بریکارانی دابەشکردنی غاز بۆ مایکی 964 ئەمڕۆ وتی، بڕیارەکە دراوە، بەڵام ئامێری خوێندنەوەی کارت بۆ ئێمە دابین نەکراوە، ئەمەش پڕۆسەکەی پەکخستووە.
دەشڵێت، بۆ بەدەستهێنانی ئامێرەکە دەبێت رێگایەکی دوور ببڕین و بچینە تکریت، ئەمەش بۆ ئێمە قورسە، داواکارین ئیدارەی قەزاکە ئەم کێشەیەمان بۆ چارەسەر بکات و لە ناو خورماتوو ئامێرەکانمان پێ بدەن.
ئەم کێشەیەش تەنیا لە لایەنی تەکنیکی بریکارەکاندا نەوەستاوەتەوە، بەڵکو راستەوخۆ کاریگەریی کردووەتە سەر بژێوی خەڵک، چونکە بەشێکی زۆر لە خێزانەکانی خورماتوو هێشتا کارتی زیرەکیان دەرنەهێناوە و مەرجی وەرگرتن، بەپێی رێنماییە نوێیەکان، هەر خێزانێک کارتی زیرەکی نەبێت، لە وەرگرتنی غازی ماڵان بێبەش دەکرێت.
هاوڵاتییەکیش بە ناوی عەلی محەمەد بە بێزارییەوە بۆ 964 قسەی کرد و دەڵێت، ئەوە ناهێنێت بۆ بوتڵێک غاز ئەو خەڵکە ئەزیەت دەدەن، بە توانجیشەوە وتی: “خۆ گەرووی هورمز لێرە دانەخراوە ئێمە غازمان نییە”.
لە سنووری خورماتوو و ئامرلی، سەرەڕای بوونی 88 بریکاری دابەشکردنی غاز، تا ئێستا هیچ کامێکیان ئامێری خوێندنەوەی کارتیان بەدەست نەگەیشتووە. ئەمە لە کاتێکدایە بڕیارە لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە سیستمە نوێیەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و بریکارەکان پابەند بکرێن بە دابەشکردنی غاز تەنیا لە رێگەی ئامێری ئەلیکترۆنییەوە، ئەمەش مەترسی پەککەوتنی تەواوەتی پڕۆسەکە لە ناوچەکەدا دروست دەکات.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا