لە نێوان "جوانیی" و "ترسنۆکی" دا

شەڕەقسەکەی نێوان ترەمپ و جۆرجیا مێلۆنی بەکوێ دەگات؟

964+

فەرهاد حەسەن

جەنگی ئێران، زۆر شتى گۆڕی، زۆر هه‌ڵوێستیشی بۆ سه‌رۆكى ئه‌مریكا روونكرده‌وه‌ و یار و نه‌یار بۆ دیاریكرد، دوایین گۆڕانى هه‌ڵوێست له‌ وڵاتى ئیتاڵیاوه‌ ته‌قییه‌وه‌، ئه‌ویش دواى ئه‌وه‌ى، ترەمپ هێرشی کردە سەر “پاپا لیۆی چواردەم” كه‌ (پاپای کاتۆلیکەکانه‌ له‌ جیهان).

هه‌رئه‌وه‌نده‌ى پاپا له‌دژى ئه‌و جه‌نگه‌ى ئێستا هه‌ڵوێستى ده‌ربڕى كه‌ دژى هه‌موو  جه‌نگێكه‌، ئیدی تره‌مپ لێی هاته‌ده‌ست و تۆمەتباری کرد بەوەی “خۆشەویستی بۆ چەپی رادیکاڵ” نیشان دەدات، پاپاش چونكه‌ كه‌سایتییه‌كى بڵندیی ئایینییه‌ له‌ ئیتاڵیا داده‌نیشێت، ئیدى شه‌ڕه‌كه‌ گه‌رم بوو و جۆرجیا مێلۆنى سه‌رۆك وه‌زیرانى ئه‌و وڵاته‌ هاته‌ سه‌رخه‌ت به‌ تره‌مپی وت “لێدوانەکانت له‌ دژی پاپا بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییه‌، چونكه‌ من لە کۆمەڵگەیەکدا هەست بە ئارامی ناکەم کە تێیدا سەرکردە ئاینییەکان تەنیا ئەو شتانە بڵێن کە سیاسییەکان دەیانەوێت”.

ئیدى ئەم قسانەی مێلۆنی “دەرگاکانی دۆزەخی” بۆ وەڵامدانەوەی ترەمپ کردەوە. لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی (کۆریێر دێلا سێرا)ی ئیتاڵی تره‌مپ وتی: “من به‌و قسانه‌ى مێلۆنى تووشی شۆک بووم پێم وابوو ئەو خاوەن ئازایەتییە، بەڵام هەڵە بووم، چونکە ئەو باکی نییە ئەگەر ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی”.

با بگه‌ڕێیه‌وه‌ بۆ كاتى ده‌ستبه‌كاربوونى دۆناڵد تره‌مپ وه‌كو سه‌رۆكى ئه‌مریكا، ئەو خانمه‌ ئیتاڵییه‌ش داوات كرابوو و له‌ نزیك تره‌مپیشه‌وه‌ وه‌ستابوو، تره‌مپ ده‌ستى به‌ مه‌دح و سه‌نا و موغازه‌له‌كردنى كرد و وتى “ئێمە لێرەدا ژنێکی گەنجمان هەیە کە زۆر (جوانه‌) رەنگە رێگەم پێنەدرێت ووشه‌ى (جوان) به‌كاربهێنم، چونکە لە ئەمریکا ئەگەر بە ژنێک بڵێیت ‘جوان’، ئەوا کۆتایی بە ژیانی سیاسیی خۆت دەهێنیت، بەڵام من ئەو سەرکێشییە دەکەم و دەڵێم ئەو ژنێکی گەنجی زۆر جوانە.”

به‌ڵام ئێستا ئه‌و بابه‌ته‌ پێچه‌وانه‌ بووه‌ته‌وه‌ و مێلۆنى به‌لاى تره‌مپه‌وه‌ بووەتە ناوێکی نوێ لە لیستی ئەو کەسانەی کە ترەمپ زۆر لێیان تووڕەیە، چونكه‌ بە “ترسنۆک” ناوی برد، له‌به‌رئه‌وه‌ى پشتیوانی ئه‌وى نه‌كرد لە جەنگی دژی ئێران.

کاتێك جەنگی ئێران دەستیپێکرد، ئیتاڵیا رەتیکردەوە بەشداری له‌ کردنەوەی تەنگەی هورمز بکات، مێلۆنی رێگریشی کرد لەوەی فڕۆکە ئەمریکییەکان بنکە ئاسمانییەکانی ئیتاڵیا لە دوورگەی “سیسیلیا” بۆ لێدانی ئێران بەکاربهێنن، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ نا، به‌ڵكو بڕیاریشیدا رێککەوتنی بەرگریی لەگەڵ ئیسرائیل نوێ نەکاتەوە، کە پێشتر لە سەردەمی بێرلۆسکۆنی له‌ ساڵى 2003 واژۆ کرابوو و پێنج ساڵ جارێک نوێ دەکرایەوە.

ئێستا مه‌یدانى شه‌ڕه‌قسه‌كه‌ هه‌ر له‌نێوان تره‌مپ و مێلۆنى و پاپا نه‌ماوه‌، به‌ڵكو فراوانتر بووه‌ و خه‌ڵكی لابه‌لاش هاتوونه‌ته‌ ناو بابه‌ته‌كه‌ به‌تایبه‌تیش بۆ ناوخۆى ئیتاڵیا، ئه‌م قسانه‌ى تره‌مپ به‌ خێر گه‌ڕایه‌وه‌ و ئۆپۆزسیۆنه‌ سه‌رسه‌خته‌كه‌ى حكومه‌تى ئیتاڵى له‌ناو په‌رله‌مان له‌ دژى تره‌مپ بەرگری لە مێلۆنی كرد و هێرشى بۆ سەر ترەمپ ده‌ستپێكرد.

“ئێلی شلادین” (سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ئیتاڵیا) لە ناو پەرلەمان وتى “هیچ سەرۆک دەوڵەتێکی بیانی مافی ئەوەی نییە رێگە بە خۆی بدات هێرش بکاتە سەر وڵات و حکومەتەکەمان، یان هەڕەشەمان لێ بکات، یان بێڕێزی بەرامبەر بە شکۆی وڵاتەکەمان بنوێنێت”.

جا له‌وانه‌ش قوڕستر، تره‌مپ له‌دواى ئه‌وه‌ى وه‌ڵامى پاپاى دایه‌وه‌ وێنه‌ى دروستكراوى (ئه‌ى ئاى) خۆى له‌شێوه‌ى عیساى مه‌سیح بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ تیایدا ترەمپ بە جلێکی سپییەوە دەرکەوتووە، دەستی خستۆتە سەر کەسێکى نه‌خۆش بۆ ئەوەی چاکی بکاتەوە، ئەمەش رەخنەگر و كه‌ساتییه‌تییه‌كانى توڕه‌ كرد چونكه‌ وێنه‌كه‌ به‌وه‌ چوێندرا کە عیسایه‌ و چارەسەری نەخۆشەکان دەکات.

جەنگی ئێران وەکو “نەفرەتێک”ی لێهاتووە بۆ ترەمپ، رۆژ لەدوای رۆژ هاوپەیمان و دۆستەکانی لێ دووردەخاتەوە، جا رەنگە جۆرجیا مێلۆنی کە سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیایە بەهۆی هانتەپێشەوەی بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی ئەگەری هەیە سوڵحێک لەگەڵ ترەمپ و ئەمریکا بکات، بەڵام ئەوەی پاپا لیۆ ئاستەمە چونکە، ئەو لە پێگەیەکی بەرزی ئایینیە و وەکو ئەوەیە کە سەرۆکی ئەمریکا رووبەڕووی کاتۆلیکەکانی‌‌ جیهان بووبێتەوە.

46 ساڵ لەمەوبەر پێشبینی هەڵگیرسانی جەنگی سێیەمی جیهانی ...

46 ساڵ لەمەوبەر پێشبینی هەڵگیرسانی جەنگی سێیەمی جیهانی لە تەنگەی هورمز کراوە