"پارە هەبێ بەیانی دەستبەکار دەبین"
دووسایدەکەی رێگای دەربەند – ژاراوە لەسەر کاغەزیش کاڵبووەتەوە
964+
فەرمان مەلاحەسەن – راپەڕین
ساڵێک دەبێ بڕیاری دووسایدکردنی رێگای دەربەند – ژاراوە دراوە لە سنوری ئیدارەی راپەڕین، دەستبەکاربوونی پڕۆژەکە و بینینی حەفارە و شۆفڵ لەسەر رێگاکە بووەتە خەونێک بۆ خەڵکی ئەو دەڤەرە و بڕیارەکە خەریکە لەسەر کاغەزیش کاڵ دەبێتەوە.
ئومێد حەمە ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی ڕێگاوبان و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی راپەڕین بە 964ـی وت، “پڕۆژەکە رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانی بۆ وەرگیراوە بەتێچووی 33 ملیار دینار، بەڵام پڕۆژەکە گەورەیە و هەشت پردی تێدایە، دەمانەوێت بدرێت بە کۆمپانیایەکی پڕۆفیشناڵ و ئیشی تێدا بکات”.
“ئومێد دەکەین ئەمساڵ کۆمپانیایەکی باش وەریبگرێت و دەستبەکار ببێت، نامانەوێت بدرێت بە کۆمپانیایەک کە لە نیوەدا ئیشەکانی رابگرێت”، ئومێد حەمەئەحمەد وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەر لەبەر قەیرانی دارایی چەند پرۆژەیەکی دیکە لە سنووری ئیدارەی راپەڕین راگیراون و ئەگەر پارە هەبێ، ئیشیان تێدا دەکرێت.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری