لەسەر ڕێگای پێنجوێن-سەیدسادق
بە رووداوی هاتوچۆ مێردمنداڵێک گیانی لەدەست دا
964+
بڕوا مەجید – سەیدسادق
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە لە ئەنجامی پێکدادانێکی سەختی هاتوچۆ لەسەر رێگای سەرەکی نێوان پێنجوێن – سەیدسادق مێردمنداڵێکی تەمەن ١٣ ساڵ گیانی لەدەستدا و باوکیشی بە سەختی بریندار بوو.
بەرزان خالید، کارگێڕی ئێشگر لە نەخۆشخانەی شەهید شەوکەت لە سەیدسادق بە 964ـی وتی، رووداوەکە لە نێوان ماتۆڕسکیلێک و ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکاب تۆیۆتا دا روویداوە، بەهۆیەوە مێردمندڵێکی تەمەن13 ساڵان گیانی لەدەستداو باوکیشی بەسەختی برینداربووە.
تەرمی مێردمنداڵەکە گەیەندراوەتە پزیشکی دادوەری و باوکیشی دوای وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی، بەهۆی ناجێگیری باری تەندروستییەوە رەوانەی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شار لە شاری سلێمانی کراوە.
بەرزان خالید، وتیشی، ئەو باوک و کوڕە بە مەبەستی کۆکردنەوەی گیا بەهارییەکان روویان لە کوێستانەکانی سنووری قەزای پێنجوێن کردبوو، بەڵام لە کاتی گەڕانەوەیاندا تووشی ئەو رووداوە دڵتەزێنە بوون.
پێداچوونەوە: توانا نەقی