ئاگربەست نرخی نەوتی داڕماند
سەروو 94 دۆلارە
ئاگربەست نرخی نەوتی داڕماند
964+
شۆڕش قادری
رێککەوتنی ئێران و ئەمریکا لەسەر ئاگربەست و راگرتنی شەڕ بۆ ماوەی دووهەفتە نرخی نەوتی داڕماند و هەر بەرمیلێک زیاتر لە 15 دۆلاری لێبووەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 8.4.2026 و لە کاتی کردنەوەی بازاڕی جیهانیی نەوت، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە 94 دۆلار و 92 سەنت دیاری کراوە و بەراورد بە دوێنێ شەو نرخەکەی 13.13٪ دابەزیوە.
هەروەها نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی تەکساس بە 96.50 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت و ئەویش بەڕێژەی 14.56٪ دابەزیوە.
ئەم داڕمانەی نەوت دوای ئەوە دێت کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پێشنیارێکی 10 خاڵی ئێرانییەکانی لەلایەن پاکستانەوە پێگەیشتووە و ئەویش رازیبووە بۆ ماوەی دوو هەفتە هێرشەکانی رابگرێت و بڕیاریشە رۆژی هەینی هەردوو شاندی دانوستانکاری ئەمریکا و ئێران لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان کۆببنەوە.