"ئەرکى بەغدایە رێگریان لێبکات"

مەسرور بارزانی: ئەوانەی هێرش دەکەنە سەر هەرێم لەلایەن بەغداوە پارەدار دەکرێن

964+

وریا فەتاح

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو گرووپانەی هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان بۆ حکومەتی عێراق ناسراون و لەلایەن ئەوانەوە بودجە و مووچەیان بۆ دابین دەکرێت، بەڵام تا ئێستا هەنگاوی کردەیی بۆ رێگریکردن لێیان نەنراوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، دوای بەشداریکردنی لە پرسەی شەهیداد موسا و شەهید مژدە کە شەوی رابردوو لە سنووری هەولێر بەهۆی هێرشی درۆنییەوە شەهید بوون، سەرۆکی حکومەت بۆ میدیاکان قسەی کرد و وتی: “بەبێ هیچ هۆکارێک هێرش دەکرێتە سەر هەرێم و خەڵکی کوردستان”.

وتیشى،” حکومەتی عێراقی دەزانێت کێن ئەو لایەنانەی پەلامارى کوردستان دەدەن و بە ئازادیش دەسوڕێنەوە، بەڵام یان نایەوێت یان ناتوانێت کۆنتڕۆڵیان بکات.”

مەسرور بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە بەرپرسیارێتی پاراستنی سەروەری و رێگریکردن لەو “تیرۆریستانە” لە ئەستۆی حکومەتی عێراقە و وتیشی: “ئەوەی دەستی بە خوێنی گەلەکەمان سوور بێت، درەنگ یان زوو بە سزای خۆی دەگات.”

سەبارەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان، ئاماژەی بەوە کرد کە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دۆستەکانیان قسەیان کردووە بۆ کۆتاییهێنان بەو هێرشانە.

سەرۆکى حکومەت بەڵێنی دا کە وەک حکومەتی هەرێم، هەرچی لە توانایاندا بێت بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانە ئەنجامی دەدەن کە زیانی ماددییان بەرکەوتووە.