بەشەخۆراكی خاوه‌ن موچه دوو ملیۆن دیناره‌كان ده‌بڕدرێت
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
بڕیاری بڕینى به‌شه‌خۆراكى مانگانه‌ى به‌شێك له موچه‌خۆران گۆڕانكاری به‌سه‌رداهاتووه و بەرپرسێكی وەزارەتی بازرگان‌یش ده‌ڵێت، هه‌ركاتێك نووسراوه‌كه له به‌غداوه بگات، جێبه‌جێی ده‌كه‌ن.
نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێمی كوردستان، به 964ـى راگەیاند “پێشتر بڕیارێك هه‌بوو بۆ بڕینى به‌شه‌خۆراكى ئه‌و موچه‌خۆرانه‌ى كه موچه‌كانیان یه‌ك ملیۆن و 500 هه‌زار دیناره، به‌ڵام ئێستا ئه‌و بڕیاره گۆڕاوه”.
به‌قسه‌ى ناوبراو، ئه‌و بڕیاره نوێیه‌ى ده‌رچووه، خاوه‌ن موچه دوو ملیۆن دیناره‌كان ده‌گرێته‌وه، ده‌شڵێت “هه‌ركاتێك ئه‌و نووسراوه‌ى به‌غدامان به‌ده‌ست بگات راسته‌وخۆ لێره جێبه‌جێی ده‌كه‌ین”.
باسی له‌وه‌شكرد، ئه‌وانه‌ى به‌شه خۆراكیان ده‌بڕدرێت، پسووله‌ى خۆراكیان هه‌ر ده‌مێنێت.
له‌باره‌ى ژماره‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى كه له هه‌رێمی كوردستاندا ئه‌و بڕیاره ده‌یانگرێته‌وه، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى بازرگانى وتى “تا ئێستا نازانین چه‌ند كه‌سن”.
964 ده‌زانێت، پێشتر وه‌زاره‌تى بازرگانی هەرێم، رایگەیاندبوو، ئەو کەسانەی مووچەکانیان بەرزە، یان بازرگانن، بەشەخۆراکی مانگانەیان دەبڕدرێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش نووسراویان بۆ وه‌زاره‌ته‌كانى حكومه‌ت كردبوو، كه لیستی ناوەکانیان بۆ بنێرن.
وه‌زاره‌ت ئاماژەی بەوەشكردبوو، هەرکات لیستی ناوەکانیان بەدەست بگات، بڕیاری بڕینی بەشەخۆراکی ئەو کەسانە جێبەجێ دەکەن.