کەلار

کۆمپانیاى جێبەجێکار: بەشە زیانلێکەوتووەکەى کۆڕنیشى مارینا لەسەر ئەرکى خۆمان دروست دەکەینەوە

964+

وریا فەتاح

کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەی کۆڕنیشی مارینا لەسەر رووباری سیروان، روونکردنەوەیەکی فەرمی سەبارەت بە داڕمانی بەشێکی دیواری راگری پڕۆژەکە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کە پابەندی تەواوی خۆیان بە چاککردنەوەی زیانەکان لەسەر ئەرکی کۆمپانیا دووپات دەکەنەوە.

کۆمپانیاى مارینا کە جێبەجێکارى پڕۆژەى کۆڕنیشى مارینایە لە شارى کەلار، ئاماژەی بەوە کردووە، لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی دابارینی بارانێکی زۆر و بەردانەوەی بڕێکی زۆری ئاوی بەنداوی دەربەندیخان، ئاستی ئاوی رووباری سیروان بە شێوەیەکی لەناکاو بەرزبووەوە. ئەمەش پەستانێکی زۆری خستووەتە سەر دیواری راگر لە کاتێکدا پڕۆژەکە هێشتا لە قۆناغی جێبەجێکردندایە، ئەمەش بووەتە هۆی داڕمانی بەشێکی بچوکی دیوارەکە.

کۆمپانیای جێبەجێکار جەختی کردووەتەوە کە بەرپرسیارێتی تەواوی ئەو رووداوە لەئەستۆ دەگرن و رایانگەیاندووە: “بە زووترین کات و لەسەر ئەرکی خۆمان، ئەو بەشە رووخاوە دروست دەکەینەوە. تیمە ئەندازیارییەکانمان ئێستا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان سەرقاڵی پێداچوونەوەن بە دیزاینی دیوارەکەدا.”

کۆمپانیاکە بەڵێنی داوە کە لە کاتی دروستکردنەوەیدا، بەرزترین ستانداردە ئەندازیارییەکان بەکاربهێنن تا دیوارەکە بەرگەی هەر گۆڕانکارییەکی ژینگەیی و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو بگرێت و لە جاران بەهێزتر بێت.

سەبارەت بە داخستنی کۆڕنیشەکە، کۆمپانیاکە روونی کردووەتەوە کە ئەم هەنگاوە تەنها بۆ پاراستنی سەلامەتی هاووڵاتیانە، ئەگینا زیانەکان تەنها بەر بەشێکی دیواری راگر کەوتوون و بەشەکانی تری پڕۆژەکە هیچ زیانێکیان بەرنەکەوتووە.

” ئەم رووداوە نابێتە هۆی وەستانی کارکردن، بەڵکو بەردەوام دەبن تا پڕۆژەکە بە جوانترین و بەهێزترین شێوە تەواو دەکەن و دەیخەنە خزمەت هاووڵاتیانەوە”، کۆمپانیاى جێبەجێکار وا دەڵێت.

نه‌خشه‌ى كۆڕنیشه‌كه‌ی كه‌لار له‌سه‌ر رووبارى سیرو...

نه‌خشه‌ى كۆڕنیشه‌كه‌ی كه‌لار له‌سه‌ر رووبارى سیروان بڵاوكرایه‌وه‌