باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا دەڵێت، رەنگە ئێران و گروپە چەکدارەکان هێرش بکەنەسەر زانکۆ ئەمریکییەکان
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا:
“رەنگە ئێران و گروپە چەکدارەکان هێرش بکەنەسەر زانکۆ ئەمریکییەکان”
964+
شۆڕش قادری
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا دەڵێت، رەنگە ئێران و گروپە چەکدارەکانی نزیک لەو وڵاتە لە عێراق هێرش بکەنەسەر زانکۆ ئەمریکییەکان لە سلێمانی و دهۆک و بەغدا.
باڵیۆزخانەکە لە تازەترین راگەیەنراوی خۆیدا وێڕای ئەوەی جارێکی دیکە داوای لە هاوڵاتیانی ئەمریکا کردووە، بەپەلە عێراق جێبهێڵن، رایگەیاندووە، “ئێران هەڕەشەی لە زانکۆکانی ئەمریکا لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە، بۆیە رەنگە سوپای ئەو وڵاتە و میلیشیا هاوپەیمانەکانی، بەنیازبن زانکۆ ئەمریکییەکان لە بەغدا و سلێمانی و دهۆک بکەنە ئامانج”.
ئاماژە بەوەشکراوە، گروپە میلیشیا چەکدارەکان هێرشی بەرفراوانیان بۆ سەر هاوڵاتیانی ئەمریکی، لە سەرانسەری عێراق، لەوانەش هەرێمی کوردستان و دامەزراوە و ئامانجە مەدەنییەکان ئەنجامداوە، حکومەتی عێراقیش رێگری لەو هێرشانە نەکردووە.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا دووپاتیدەکاتەوە کە گروپە چەکدارەکانی عێراق مەترسییەکی گەورەیان بۆ سەر سەلامەتی گشتی لەو وڵاتە دروست کردووە و پێدەچێت هەوڵی هێرشی زیاتریش بدەن دژی ئامانجەکانی پەیوەست بە ئەمریکا لە سەرانسەری عێراق، لەوانە دامەزراوە دیپلۆماسییەکان، زانکۆکان، بازرگانییەکان، ژێرخانی وزە و شوێنەکانی دیکە.