تەندروستى دهۆک:
5 کرێکار لەسەر دزینى پارەى سندوقى شێرپەنجە دەستگیرکران
964+
وریا فەتاح
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دهۆک، روونکردنەوەیەکی بەپەلەی لەبارەی دیارنەمانی بڕێک پارە لە سندوقی کۆکردنەوەی هاوکاریی بۆ نەخۆشانی شێر پەنجە لە نەخۆشخانەی ئازادی بڵاوکردەوە و دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی راگەیاند.
تەندروستیی دهۆک ئاماژەی بەوە کردووە، دوای ئەوەی کارگێڕیی نەخۆشخانەی ئازادیی فێرکاری هەستیان بەوە کردووە کە بڕێک پارە لە یەکێک لەو سندوقانەی بۆ هاوکاریی نەخۆشانی شێر پەنجە دانراون کەمبووەتەوە، دەستبەجێ پۆلیسیان ئاگادار کردووەتەوە.
دوای بەدواداچوونی وردی هێزە ئەمنییەکان، ناسنامەی تۆمەتبارەکان ئاشکرا کرا و دەستگیرکران.
بەپێی ڕوونکردنەوەکە، تۆمەتبارەکان پێنج کرێکاری یەکێک لە کۆمپانیاکانی پاککردنەوە بوون کە لە ناو نەخۆشخانەکەدا کاریان کردووە.
تەندروستیی دهۆک جەختی کردووەتەوە، کە “نە لە دوور و نە لە نزیک” هیچ فەرمانبەر و ستافێکی تەندروستی پەیوەندییان بەم تاوانەوە نییە و کۆمپانیاکە خۆی بەرپرسیارە لە رەفتاری کرێکارەکانی، ئێستاش بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ دەستگیرکراوەکاندا دەکرێت.