رێكخراوه‌ مرۆییه‌كانى شنگال روویان له‌ ئاواره‌كانى ئۆكڕانیا كردووه

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

به‌ڕێوه‌به‌رى كۆچ و كۆچبه‌ران له‌ پارێزگاى دهۆك ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، زۆربه‌ى رێكخراوه‌ مرۆییه‌كان و ئه‌وانه‌ش كه‌ سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانن هاوكارییه‌كانیان بۆ ئاواره‌ و كۆچبه‌ران كه‌مكردۆته‌وه‌، ده‌شڵێت “ئه‌و رێكخراوانه‌ روویان له‌ ئاواره‌كانى وڵاتى ئۆكڕانیا كردووه‌”.

پیر دیان، به‌ڕێوه‌به‌رى كۆچ و كۆچبه‌ران له‌ پارێزگاى دهۆك، به‌ 964ـى راگه‌یاند، 70% هاوكارییه‌كانى رێكخراوه‌ مرۆییه‌كان، بۆ ئاواره‌ و كۆچبه‌ران كه‌مبۆته‌وه‌، له‌باره‌ى هۆكاره‌كه‌شییه‌وه‌ ده‌ڵێت “زۆربه‌ى ئه‌و رێكخراوانه‌ سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بوون و روویان كردۆته‌ وڵاتى ئۆكڕانیا كه‌ به‌هۆى شه‌ڕه‌وه‌ ئاواره‌یه‌كی زۆرى لێیه‌”.

ئاشكراشی كرد كه‌ “كه‌مكبونه‌وه‌ى هاوكارییه‌كانى ئه‌و رێكخراوانه‌، كاریگه‌ری زۆرى كردۆته‌ ه‌سه‌ر ره‌وشی ژیانى ئاواره‌كانى سنوورى ئێمه‌”.

به‌قسه‌ى ناوبراو، ئه‌و رێكخراوانه‌ زیاتر له‌ سێكته‌ره‌كانى ته‌ندروستى و ئاو و به‌شه‌كانی تر كاریان كردووه‌ ئێستا ئه‌و بۆشاییانه‌ى ئه‌وان دروستیانكردوه‌ حكومه‌تى هه‌رێم پڕیكردۆته‌وه‌.

به‌ڕێوه‌به‌رى كۆچبه‌رانى دهۆك وتیشی “له‌گه‌ڵ كه‌مبوونه‌وه‌ى هاوكارییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، حكومه‌تى عێراقیش وه‌ك پێویست هاوكاریمان ناكات، ناچار حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستان ئه‌و بۆشایانه‌ى له‌ خزمه‌تگوزارى كه‌مپه‌كان پڕكردۆته‌وه‌، به‌تایبه‌تیش له‌بواره‌كانى ته‌ندروستى و ئاو”.

به‌پێی زانیارییه‌كانى 964، كه‌ له‌ كۆچ و كۆچبه‌رانى دهۆك ده‌ستیكه‌وتووه‌، زیاتر له‌ 460 هه‌زار ئاواره‌ و كۆچبه‌ر له‌  سنوورى دهۆك و موسڵ له‌ ناو كه‌مپ و ده‌ره‌وه‌ى كه‌مپه‌كاندا ده‌ژین، له‌ناو ئه‌و ژماره‌یه‌دا، تا ئێستا 100 هه‌زار كه‌س گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ شنگال كه‌ به‌شێكیان تا ئێستاش له‌چیاى شنگال ماونه‌ته‌وه‌.