شەپۆلى بارانەکە
چوارەم کەس بەهۆى لافاوەوە گیانى لەدەستدا؛ منداڵێک لە خانەقین خنکا
964+
میلاد جەلال- گەرمیان
شەپۆلی بارانبارین و لافاو کە چەند رۆژێکە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، قوربانییەکی دیکەی لێکەوتەوە و لە قەزای خانەقین منداڵێکی تەمەن 13 ساڵان گیانی لەدەستدا.
شوان شاکر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی خانەقین بە 964ـی راگەیاند: “دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، نزیک کاتژمێر 2:00، تەرمی منداڵێکی تەمەن 13 ساڵان گەیەندرایە نەخۆشخانەکەمان کە بەهۆی لافاو و کۆبوونەوەی ئاوی بارانەوە گیانی لەدەستدابوو.”
بەوتەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە، ئەو منداڵە کە لە نەتەوەی عەرەبە، لە گەڕەکی بەختیاریی قەزای خانەقین کەوتووەتە ناو ئاو و خنکاوە، دواتر تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی کراوە.
گیانلەدەستدانی ئەم منداڵە لە خانەقین، ئاماری قوربانیانی ئەم شەپۆلەی بارانبارین لە ناوچە جیاجیاکان گەیاندە چوار کەس، کە بەهۆی لافاو و کەوتنە ناو ڕووبارەکانەوە بوونەتە قوربانی:
لە سنووری سەنگەسەر: شۆفێرێک بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە کەوتە ناو رووباری “گافڕێن”، دوای سێ ڕۆژ گەڕانێکی بەردەوام، تەرمەکەی دۆزرایەوە.
لە زاخۆ: گەنجێک لەسەر رووباری کۆڕنیشی زاخۆ کەوتە ناو ئاوەکەوە و سەرەڕای هەوڵەکان، تا ئێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.
لە کەرکوک: کەسێکی دیکە لە سنووری پارێزگای کەرکوک کەوتە ناو رووبارێکەوە و دوای ماوەیەک تەرمەکەی لەلایەن تیمەکانەوە دۆزرایەوە.
لە خانەقین: منداڵێکی 13 ساڵان بەهۆی کۆبوونەوەی ئاوی باران لە گەڕەکی بەختیاری خنکا.
پێداچوونەوە؛ وریا فەتاح