"کەلێنێکی گەورە لە هونەری کوردی دروستبوو"
مەرگ مەودای نەدا بەرهەمە تازەکەی تەواو بکات
964+
رێباز خدر – هەولێر
بەرەبەیانی ئەمڕۆ مەهدی ئومێد هونەرمەند و سینەماکاری کورد لە تەمەنی 71 ساڵیدا و لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد.
هاوڕێ و کەسە نزیکەکانی مەهدی ئومێد بەدڵی پڕەوە باسی کار و یادەوەرییەکانی دەکەن، عەدنان عوسمان بە 964ـی وت، “بە لەدەستانی ئەم هونەرمەندە کەلێنێکی گەورە لە هونەری کوردی دروستبوو، ئەو دامەزرێنەری یەکەم بەڕێوەبەرایەتی سینەمای هەولێر بوو، هاوکات لەبواری شانۆدا مامۆستای زانکۆ بوو”.
ئاشکراشیکرد، بڕیاربوو بەمنزیکانە کار لەسەر بەرهەمێکی نوێ بەناوی “زەمیبل فرۆش” بکات کە فیلمێکی سینەمایی بوو، بەڵام مەرگ مەودای نەدا پرۆژەکەی تەواو بکات.
هونەرمەند مەهدی ئومێد خەڵکی شاری کەرکوکە و خێزاندارە، خاوەنی دوو کچ و کوڕێکە، چەندین بەرهەمی شانۆ و فیلمی سینەمایی هەیە کە دیارترینیان تونێل و گەلەگورگن، ئەمڕۆ شەممە 28.3.2026 لە تەمەنی 71 ساڵیدا و لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری