بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئەمریکا واژۆی سەرۆکێکی زیندوو دەخرێتە سەر دراو
ترەمپ نەریتێکی 165 ساڵە دەشکێنێت؛ واژۆکەی دەچێتە سەر دۆلار
964+
ژێوار خدر
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، لە هاوینی ئەمساڵەوە واژۆی دۆناڵد ترەمپ دەچێتە سەر دراوی کاغەزیی دۆلار و بەوەش نەریتێکی 165 ساڵە کۆتایی دێت، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەش دەڵێت “ئەمە باشترین رێگەیە بۆ رێزگرتن لە دەستکەوتە مێژووییەکانی ترەمپ”.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بڕیاریداوە واژۆی دۆناڵد ترەمپ بخاتە سەر دراوەکان، ئەمەش یەکەمجارە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا واژۆی سەرۆکێکی دەسەڵاتدار لەسەر پارە چاپ بکرێت، ئەم گۆڕانکارییە لە چوارچێوەی دیزاینێکی نوێدایە بۆ یادی 250 ساڵەی سەربەخۆیی ئەمریکا، کە تێیدا واژۆی گەنجینەوانی ئەمریکا (Treasurer) لادەبرێت کە لە ساڵی 1861ـەوە بەردەوام واژۆی لەسەر دراوەکان هەبووە.
بڕیار وایە لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا، یەکەمین چاپی پەڕەی 100 دۆلاری کە واژۆی دۆناڵد ترەمپ و سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی لەسەر بێت بڵاوبکرێتەوە و دواتریش دراوەکانی دیکە لە مانگەکانی دواتردا چاپ دەکرێن، هەرچەندە یاسا رێگری دەکات لەوەی وێنەی کەسایەتییە زیندووەکان بخرێتە سەر دراو، بەڵام وەزارەتی گەنجینە دەسەڵاتی تەواوی هەیە بۆ گۆڕینی واژۆ و توخمەکانی دیزاین بەبێ ئەوەی دەستکاری وێنەی سەر دۆلارەکان بکات.