دەیان ساڵ گەڕانەوە دواوە
لە نانەواخانەیەکی خورماڵ لە بری غاز بە دار ناندەکەن
964+
ئەمەل ناجی – خورماڵ
بەهۆی گرانبوون و نەبوونی غازەوە بەشێک لەو شوێنانەی کە کارەکانیان بە غاز دەکرێت، بە شوێن جێگرەوەی گونجاودا دەگەڕێن، لە نانەواخانەیەکی خورماڵ ماوەی هەفتەیەکە دار لە بری غاز بەکاردەهێنن و موشتەریەکانیشیان لە نانەکە رازین و بە دڵیانە.
ماردین مەولود، نانەوایە و بە 964ـی وت، غاز گرانە و ناچارین بگەڕێینەوە بۆ دەیان ساڵ پێشتر و دار بەکاربهێنین بۆ برژاندنی نان، هەرچەند بۆ ئێمە زەحمەتترە بەڵام ناشکرێت دەرگای نانەوا داخەین.
بە وتەی ماردین مەولود، تامی نانی دار خۆشترە و خەڵکیش زۆریان بە دڵە، چونکە جوانتر دەبرژێت و وشکترە بە بەراورد بە نانی غاز، بەڵام ئەگەر ئەم قەیرانە نەمێنێت دەگەڕێینەوە بۆ بەکارهێنانی غاز چونکە بەکارهێنانی ئاسانترە بۆ ئێمە.
ماردین باوکیشی هەمەن کار دەکات و لەوی بیستووە و کە لەساڵی 1997ـەوە داریان بەکارنەهێناوە بۆ ئیشکردن و هەر بە غاز کارەکەیان کردووە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی