دیمەنى بارانبارین
پلەکانی گەرما زیاتر دادەبەزن و سلێمانی و گەرمیان لێزمەباران دەیانگرێتەوە
زستان رێگەی بەهار چۆڵ ناکات؛ بارانی لێزمە و بەفر هەرێم جێناهێڵن
964+
ژێوار خدر
وادیارە زستان بەم زووانە نیازی رۆیشتنی نییە و بەهارەکەی لێ کردووینەتە زستانێکی تەڕ، بۆ 48 کاتژمێری داهاتووش زۆربەی ناوچەکانی هەرێم هەوری باراناوی دەبن و پلەکانی گەرماش روویان لە نزمبوونەوەیە، بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی هەرێمیش دەڵێت “ئەمڕۆ و سبەی لە زۆربەی ناوچەکان باران بارین بەردەوام دەبێت”.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان پێشبینی کەشوهەوای 48 کاتژمێری داهاتووی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: بۆ ئەمڕۆ هەینی 27.3.2026 ئاسمان بە گشتی هەوری باراناوی دەبێت و لە زۆربەی ناوچەکان بارانی مامناوەند دەبارێت، و لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان باران هەندێک کات بە شێوەی لێزمە دەبێت و لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی باکوور و باکووری رۆژهەڵاتیش بەفرێکی کەم دەبارێت، هاوکات پلەکانی گەرما بە 1 تا 3 پلە نزمتر دەبنەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ.
سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی شەممە 28.3.2026 کەشناسی پێشبینی دەکات ئاسمان هەوری تەواو بێت و نمەباران و بارانی مامناوەند بە پچڕپچڕی بەردەوام بێت، پێشبینیش دەکرێت رێژەی دابارین لە ناوچەکانی باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی هەرێم زیاتر بێت بەراورد بە ناوچەکانی تر، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کاریگەری ئەم شەپۆلە سارد و باراناوییە لە کۆتایی هەفتەدا بەردەوام دەبێت و کەشەکە بە ساردی دەمێنێتەوە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ئەمرۆ:
هەولێر: 11 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 9 پلەی سیلیزی
دهۆک: 12 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 12 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 15 پلەی سیلیزی
سۆران: 10 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 12 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 10 پلەی سیلیزی
پیرمام: 8 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 3 پلەی سیلیزی