پاسپۆرتی سلێمانی: 3000 پاسپۆرت تەواو بووە وەرن وەریبگرنەوە

دوو هەفتەی دیکە دەفتەری پاسپۆرت بەردەست دەبێت

964+

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

نزیکەی 32 هەزار هاوڵاتی مامەڵەکانیان تەواو کردووە، بەهۆی نەبونی دەفتەری پاسپۆرتەوە کارەکانیان وەستاوە، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی دەڵێت، دوو هەفتەی داهاتوو دەفتەر بەردەست دەبێت.

دوای وەستانی بۆ ماوەی زیاتر لە سێ مانگ، دەفتەری پاسپۆرت دەگاتەوە هەرێمی کوردستان.

لەم ماوەیەدا لەسەر ئاستی عێراق زیاتر لە 500 هەزار کەس مامەڵەی دەرهێنان و نوێکردنەوەی پاسپۆرتی لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پاسپۆرتی شارەکانە.

یەکێک لە هۆکارەکانی نەبوونی دەفتەر و چاپ نەکردنەوەی پێوەندار بوو بە پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی کە بەمدواییە لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی ناوچەی مەنسوور لە بەغدا، مامەڵەی یەکەم پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی ئەنجامدرا.

964 دەزانێت، لەو ماوەیەی کە مامەڵەی پاسپۆرت وەستا بوو، ئەوا بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی شارەکان مانگانە 100 دەفتەریان پێدراوە بۆ حەڵەتە زەروورەکان بە تایبەت نەخۆش، ئەوانیش لەسەر بنەمای راپۆرتی پزیشکی پاسپۆرتییان پێدراوە.

عەمید سالار عەبدوڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی بە 964 ی ئاشکرای کرد، بەپێی ئەو زانیارییانەی هەیەتی ئەمڕۆ دووشەممە 13.3.2013 سەرجەم ئەو پێداویستیانەی کارگەی دروستکردنی پاسپۆرت پێویستیەتی گەیشتووە و دەستبەکار کراوتەوە و دەفتەریان دروستکردووە، لەماوەی دوو هەفتەی دیکە دەفتەری پاسپۆرت بەردەست دەبێت.

وتیشی ”پاسپۆرت ئەلیکترۆنی جیاوازە لەم پاسپۆرتەی ئێستا و ماوەی هەفتەیەکە لە پاسپۆرتی مەنسووری بەغداد دەستکراوە بە دابەشکردنی و بڕیارە لە ماوەی دوو مانگی دیکەدا پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی لە سەرجەم عێراق بەردەست بێت”.

بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی لەڕێگەی 964ـەوە داوا لەو هاوڵاتیانە دەکات کە پاسپۆرتییان تەواو بووە نزیکەی سێ هەزار پاسپۆرتی هاوڵاتیان تەواو بووە، بەڵام نایەن وەری بگرنەوە، پێویستە زوو بچن پاسپۆرتەکانیان وەربگرنەوە.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق