کۆمیسیۆن ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی بڵاوکردەوە - وێنە؛ ئەرشیفی 964
ئەنجومەنى دادوەرى عێراق:
پەرلەمان هەڵناوەشێتەوە و هەڵبژاردن دووبارە ناکرێتەوە
964+
وریا فەتاح
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە فەرمی ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە دەرکردنی بڕیارێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران (پەرلەمان) یان ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکەن.
ناوەندی راگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە: “ئەو زانیارییانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە سەبارەت بە دەرکردنی بڕیاری دادوەری بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، یان دیاریکردنی کاتی هەڵبژاردن، یان دەستکردن بە کۆکردنەوەی یەک ملیۆن واژۆ، هیچ بنەمایەکی راستی نییە.”
دادوەری جەختی کردەوە کە ئەو سایت و لاپەڕانەی ئەم هەواڵانەیان بڵاوکردووەتەوە “وەهمین” و هیچ پەیوەندییەکیان بە دەسەڵاتی دادوەرییەوە نییە.
لە راگەیەندراوەکەدا، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری داوای لە دەزگاکانی راگەیاندن کرد کە ورد بن لە گواستنەوەی هەواڵەکان و نەکەونە داوی زانیاری چەواشەکارانە، هەروەها جەختی کردەوە کە دەبێت تەنیا پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەسترێت بۆ وەرگرتنی زانیاری.