دیمەنێکی ئەو پردەی لە نێوان کەلار و سەرقەڵا لافاو بردی - وێنە ئەرشیفى؛ 964
تیمەکانی خراونەتە ئامادەباشییەوە
هۆشداریی لە لافاو لە گەرمیان؛ زیاتر لە 135 ملم باران دەبارێت
964+
وریا فەتاح
ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان (JCC) هۆشدارییەکی بەپەلە و توند ئاراستەی هاوڵاتییان دەکات و رایدەگەیەنێت، کە هەرێمی کوردستان و بە تایبەت سنووری ئیدارەی گەرمیان، رووبەڕووی شەپۆلێکی مەترسیداری بارانبارین دەبێتەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکەی ناوەندی (JCC)، لە رۆژانی چوارشەممە تاوەکو هەینی (25 تا 27ـی ئازاری 2026)، هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەریی شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین. هۆشداریش دەدرێت کە مەترسیی جیددیی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و دروستبوونی لافاوی کتوپڕ لە ئارادایە، بەتایبەتی لە سنووری گەرمیان کە پێشبینی دەکرێت بڕی بارانبارین لەم سێ رۆژەدا بگاتە زیاتر لە 135 ملیمەتر.
هاوکات لەگەڵ ئەم هۆشدارییەدا، تیمەکانی فریاگوزاری لە شاری کەلار ئامادەباشی تەواویان راگەیاندووە بۆ هاوکاریکردنی هاوڵاتییان. داوا لە دانیشتووانی گەڕەک و کۆڵانەکانی شاری کەلار دەکرێت، لە کاتی کۆبوونەوەی ئاو یان روودانی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو و کتوپڕدا، دەستبەجێ پەیوەندی بە تیمەکانی فریاگوزارییەوە بکەن لەرێگەی ئەم ژمارە تەلەفۆنانەی خوارەوە:
07725280513
07708707250
لایەنە پەیوەندیدارەکان داوا لە هاوڵاتییان دەکەن لەو ماوەیەدا لە رێڕەوی چەم و نزماییەکان دووربکەونەوە و رێکارە سەڵامەتییەکان بگرنەبەر بۆ پاراستنی گیان و ماڵیان.