فڕۆکەی جەنگی چوار جار بۆردومانی بنکەیەکی سەرباری سوپای عێراق کرد
حەوت سەربازی سوپای عێراق کوژراون و 13ـی دیکەش بریندارن
+964
سیروان خورشید – خورماتوو
لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممەوە 25.3.2026 فڕۆکەی جەنگی بەسەر ئاسمانی رۆژئاوای ئەنبار دەسووڕێتەوە و چوارجار دەوربەری بنکەیەکی سەربازی سوپای عێراق بۆردومان کردووە، بەهۆیەوە حەوت کوژراو و 13 برینداری لیکەوتووەتەوە، تائێستاش فڕۆکە بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا دەسووڕێتەوە.
سەرچاوەیەکی تایبەت لەناو هێزەکانی بەرپەرچدانەوەی خێرا لە ئەنبار بە964ـی وت،” لەبەرەبەیانی ئەمڕۆوە دەنگی فڕۆکەی جەنگی بەسەر ئاسمانی ناوچەکە دێت و لەماوەی 20 خولەکدا چوار جار بۆردومانی بنکەیەکی سەربازی سوپای عێراق کردووە و تائێستاش فڕۆکەی جەنگی زۆر بەنزمی بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا دەسووڕێتەوە.
وتیشی، لە بۆردومانەکەدا حەوت سەرباز کوژراون کە لە نێویاندا ئەفسەری پلە باڵای تێدایە و 13 سەربازی دیکەش بریندار بوون.
دەشڵێت، ئەو بنکەی سەربازییەی سوپای عێراق نزیکە لە بارەگایەكی حەشدی شەعبییەوە و بەهۆی بەردەوامی سووڕانەوەی فڕۆکەی جەنگی بەسەر ئاسمانی ناوچەکە، هێشتا مەترسی بۆردومانی دیکەی هەیە، تائێستاش دووکەڵ بەشێک لە ئاسمانی ناوچەکەی داپۆشیوە و هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا