"لەگەڵ کەسانی گونجاو لە پەیوەندیداین"
ترەمپ دەڵێت: ئێران دیارییەکی زۆر گەورەی نەوت و گازی پێشکەش کردووین
964+
فەرهاد حەسەن
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە ئێران “دیارییەکی زۆر گەورە”ی سەبارەت بە نەوت و گاز پێشکەش بە ویلایەتە یەکگرتوەکان کردووە، واشنتنیش لە پەیوەندیدایە لەگەڵ ئەو کەسانەی کە بە “کەسانی گونجاو” لە ئێران وەسفیکردن.
ترەمپ، ئەمشەو لە كۆشكی سپی بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، ئەو دیارییەی ئێران پێشکەشی کردوون، بەهاکەی یەکسانە بە بڕێکی زۆر پارە، لەوە زیاتر وردەکاری دیکەی لەەر ئەو دیارییە باسنەکرد.
ئاماژەی بەوەشکرد، “لە پەیوەندیداین لەگەڵ کەسانی گونجاو لە ئێران و ئەوان دەیانەوێت رێککەوتن بکەن، داوا لە ئێرانییەکان دەکەین ناوێک دیاری بکەن بۆ ئەوەی پەیوەندی پێوە بکەین، چونکە ئێمە نزیکین لە بەستنی رێکەوتن و هەوڵی بۆ دەدەین، رەنگە من سەبارەت بەم رێککەوتنە دڵخۆش نەبم”.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مارکۆ ڕوبیۆ، و جێگری سەرۆک جی دی ڤانس، و نێردەی ئەمریکا ستیڤ ویتکۆف، راسپاردووە بەشداری لەو دانوستانانە لەگەڵ ئێراندا بکەن، ئاماژەی بەوەکرد کە واشنتن هەوڵی رێکەوتنێک دەدات بۆ رزگارکردنی ملیۆنان کەس، چونکە “خاوەندارێتی چەکی ئەتۆمی لەلایەن تارانەوە هەڕەشەیە بۆ سەر جیهان”.
سەبارەت بە پەکخستنی هاتوچۆی دەریایی لە تەنگەی هورمزیش، ترەمپ وتی، “چاوەڕێی بەدەستهێنانی ئەنجامین سەبارەت بە رۆیشتنی نەوت لە رێگەی هورمزەوە، هەوڵدەدەین ئەم پرۆسەیە بە کەمترین قوربانی کۆتایی پێبهێنین، بەڵام رێگەیان پێنادرێت ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی”.