وەزارەتی کارەبا عێراق:
هیچ “درۆن”ێک لە وێستگەکانی گواستنەوەی وزە لە کەرکووک نەکەوتووە
964+
فەرهاد حەسەن
وەزارەتی کارەبا کەوتنی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان “درۆن” لە وێستگەکانی گواستنەوەی وزە لە کەرکووک رەتدەکاتەوە، جەختیش لەوەدەکاتەوە کە هێڵەکانی گواستنەوەی وزە بە شێوەیەکی ئاسایی کار دەکەن.
نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی کارەبا عێراق، لە راگەیەندراوێكدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی نێردراوه، بە توندی ئەو هەواڵانە رەتدەکاتەوە کە لە هەندێک دەزگای راگەیاندن و تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە سەبارەت بە کەوتنی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بۆ سەر یەکێک لە وێستگەکانی کارەبا لە پارێزگای کەرکووک.
ئاماژەی بەوەشکراوە کە وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای گازی (شەهید عەبدوڵا حەمزە) بە دووری زیاتر لە سێ کیلۆمەتر لە شوێنی ڕووداوەکەوە دوورە، دەشڵێت “ئەو وێستگەیە و سەرجەم وێستگەکانی تری سیستەمی کارەبا، چ وێستگەکانی بەرهەمهێنان، گۆڕین یان وێستگە لاوەکییەکان و هێڵەکانی گواستنەوەی وزە، بە کاراییەکی بەرز کار دەکەن و هەموویان لە کاردان، وەزارەتیش هیچ جۆرە هێرشێکی بۆ سەر پێکهاتەکانی تۆڕەکە و سیستەمی کارەبا لە هیچ کام لە پارێزگاکان تۆمار نەکردووە.”
وەزارەت داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن دەکات “هەواڵی نادروست بڵاونەکەنەوە و زانیارییەکان لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە وەربگرن، هەروەها دوور بکەونەوە لە بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە کە دەبێتە هۆی دڵەڕاوکێ و ترس لە لای هاوڵاتییان.”