ئاو پردەکەی داپۆشی و چووەناو چەند باخێکەوە
لافاو رێگای گوندێکی لە شارباژێر داخست
964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
رێگای گوندی سنکێ لە قەزای شارباژێر بەهۆی بارانبارینی زۆر و لافاو داخراوە و ئاو چووەتە ناو چەند باخێکەوە.
هاوڵاتییەکی دانیشتووی سلێمانی کە باخێکی لە داوێنی سنکێ هەیە، ئەمڕۆ بۆ سەردانی باخەکەی چووەتە شوێنەکە، ئەو قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “کە بینیم ئاوەکە زۆرە، نەمتوانی بپەڕمەوە، ئاوەکە بەتەواوەتی پردەکەی داپۆشیوە و خەڵکی گوندەکەش ناتوانێ بێنە ئەمبەرەوە، بڕوا ناکەم یەک هەفتەی دیکەش ئاستی ئاوکە دابەزێت”.
ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لە پردەکە چەند باخێک ئاو چووەتە ناویان، خەڵکی گوندەکەش تەنیا لەرێی تولەرێیەکەوە و ئەویش بە ئۆتۆمبێلی بەرز دەتوانن بچنە گوندی سوورەقەڵات و لەوێوە خۆیان بگەیننە شار و گوندەکانی دیکە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری