ناوچەکە و جیهان ئاڵۆز دەکات
مۆڵەتە 48 کاتژمێرییەکەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئێران، مەترسیدارترین بڕیاری جەنگی ئێستایە
964+
فەرهاد حەسەن
مۆڵەتە 48 کاتژمێرییەکەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئێران، یەکێک لە مەترسیدارترین بڕیارەکانی جەنگی ئێستایە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هۆشداری دایە ئێرانییەکان کە تەنیا 48 کاتژمێریان لەبەردەمدایە بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز، دەنا هەموو ناوەندەکانی وزە لە سەرانسەری ئێراندا دەکرێنە ئامانجی بۆردومانێکی سەخت.
کەواتە ئەگەر ئەوە رووبدات، جەنگەکە دەچێتە قۆناغێکی دیکە، ئەویش قۆناغێکی زۆر مەترسیدار، لەبەرچی؟
چونکە بۆردومانکردنی ناوەندەکانی وزە دەبێتە هۆی بڕانی تەواوەتی کارەبا لە ئێران، کە کارەبا نەما ئاویش نامێنێت، گواستنەوە پەکی دەکەوێت، ئینتەرنێت نامێنێت و نەخۆشخانەکان لە خزمەتگوزارییەکانیان دەکەون، ئەمە وا لە ئێران دەکات لەناوخۆی خۆیدا ببێتە چەند دوورگەیەکی دابڕاو و کەس ئاگای لە کەس نەمێنێت.
دیارە ئێرانیش دەستەوەستان ناوەستێت، بۆ ئەو مۆڵەتپێدان و هەڕەشەیەی ئەمریکا بێ وەڵام نەبووە، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان راستەوخۆ وەڵامی مۆڵەتەکەی ترەمپی دایەوە و پێیوت “بەبێ دوودڵی، ئەگەر ئەو دامەزراوانەی ئێمە بۆردومان بکرێن، ئێمەش هەموو ژێرخانە هەستیارەکان و ناوەندەکانی وزە لە سەرانسەری ناوچەکەدا بۆردومان دەکەین.
نابێ ئەوەشمان لەبیربچێت، کە دوێنێ ئێران بە هێرشکردنە سەر ناوچەی دیمۆنای ئیسرائیل پەیامێکی ترسناکی نارد کە دەتوانێت دەستی بگاتە دامەزراوە ئەتۆمییەکان، ئەمەش مەترسییەکان بۆ ئاستی چەکی نائاسایی و ئەتۆمی زیاتردەکات.
بەڵێ کار و کاردانەوەکان هەردووکیان لەیەکدی ترسناکترن!
جا قسەش لەسەر ئەوە دەکرێت کە ئەمریکا بەپێی ئەو پلانەی دایناوە، لە رێگەی فڕۆکەوە بۆمبی جۆری (گرافیت) بەکاربهێنێت، کە بۆمبێکی تایبەتمەندە بە لەکارخستنی تۆڕی کارەبا.
پێشتر بۆ یەکەمجار ئەم جۆرە بۆمبە لە جەنگی دووەمی کەنداو ساڵی 1990 لە دژی عێراق بەکارهێنرا، کە بووە هۆی پچڕانی 85% ی کارەبای عێراق، بۆ جاری دووەمیش لە مانگی ئایاری ساڵی 1999 لە دژی سربیا بەکارهات و بەهۆیەوە 70٪ی تۆڕی کارەبای ئەو وڵاتەی لەکارخست.
بەهەرحال، مۆڵەتەکەی ئەمریکا ئەمڕۆ دووشەممە کاتژمێر هەشتی ئێوارە بە کاتی واشنتۆن و کاتژمێر نزیکەی دووی شەو بەکاتی هەرێمی کوردستان کۆتایی دێت، هەریەک لە ئێران و ئەمریکاش جگە لەو هەڕەشانەیان لەیەکتری قسەیەکی دیکەی خێریان بۆ ئەم دۆخە مەترسیدارە نەکردووە، چونکە مەترسییەکەی تەنیا ناوچەکە ناگرێتەوە، بەڵکو کاریگەری لەسەر هەموو جیهان دەبێت.
بەهیواین شتێکی وا روونەدات …