کەسوکاری سەهەندی 17 ساڵان کەیسی کوڕەکەیان دەبەنە هەولێر

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

کەسوکاری سەهەندی 17 ساڵان، ئەو مێرمنداڵەی ساڵی رابردوو لە دوای دەستگیرکردنی لە لایەن پۆلیسی سلێمانی لە رووداوێکدا گیانی لەدەست دا، کەیسی کوڕەکەیان بردووەتە دادگاکانی هەولێر و دەیانەوێت لەوێ بڕیار لە بارەی کەیسەکەوە بدرێت.

فەرمان ئەحمەد محەمەد، برای سەهەند بە تۆڕی 964ی راگەیاند، لە سلێمانی هەر زوو بەبێ هیچ دانیشتنێکی دادگا کەیسی گیانلەدەستدانی سەهەند داخرا، بەڵام ئەوان بڕیارەکەی دادگای سلێمانیان تەمیز کردووە بۆ دادگای هەولێر.

[دادوەرەکانی دادگای هەولێر] چاوەڕێی تۆماری کامێراکانی چاودێرین و دواتر بڕیاری لەسەر دەدەن،

“لە سلێمانی کەیسەکەی نەگەیشت بە هیچ، بەڵام بزانین لە هەولێر بە چی دەگات  [دادوەرەکانی دادگای هەولێر] چاوەڕێی تۆماری کامێراکانی چاودێرین و دواتر بڕیاری لەسەر دەدەن،” براکەی سەهەند وای وت.

بە وتەی فەرمان ئەحمەد، راپۆرتە پزیشکییەکان لە سلێمانی دەڵێن، سەهەند بە جەڵدە گیانی لەدەست داوە، بەڵام ئەوان ئەمە رەتدەکەنەوە.

بە بڕیاری دادگا کەیسی سەهەند ئەحمەد داخراوە و هیچ پۆلیسێک تۆمەتبار نەکراوە

ئاسۆ تەها بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی رۆژی دووشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بە بڕیاری دادگا کەیسی سەهەند ئەحمەد داخراوە و هیچ پۆلیسێک تۆمەتبار نەکراوە.

رۆژی 26.11.2022 لە لایەن تیمێكی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمەوە، گۆڕی سەهەند هەڵدرایەوە و تەرمەكەیان دەرهێنا، بە ئامانجی دووبارە لێكۆڵینەوە لە روودانی گیانلەدەستدانی.

سەهەند ئەحمەد، مێردمنداڵێكی تەمەن 17 ساڵان بوو، رۆژی 11.11.2022 لەلایەن پۆلیسی سەرچنارەوە بە تۆمەتی تەقەكردن و برینداركردنی هاوڵاتییەك دەستگیر كرا، بەڵام رۆژێك دوای دەستگیركردنی، لە بنكەی پۆلیسی سەرچنار گیانی لەدەست دا.