بۆچی ئیسرائیل پێش ئێران کوژراوەکان ئاشکرا دەکات؟

ئیسرائیل ناوی هەر کەسێکی ئێرانی هێنا لەلایەن میدیاکانی جیهان فاتیحای لەسەر دەخوێندرێت

964+
ژووری هەواڵ

ئیسرائیل ناوی هەر کەسێکی هێنا، راستەوخۆ میدیاکانی جیهان وەک وەفاتنامەیەکی رەسمی مامەڵەی لەگەڵ دەکەن، پرسیارەکە ئەوەیە چۆن ئیسرائیل کوشتنی سەرکردەکانی ئێران رادەگەیەنێت تەناتەت پێش ئەوەی ئێرانیش پێی بزانێت؟
ئیسرائیل رایگەیاند عەلی لاریجانی و چەند سەرکردەیەکی باڵای سەربازی ئێرانی کوشتووە، ئەمەش یەکەمجار نییە ئەم کارە بکات،بەڵکو پێش لاریجانیش لەگەڵ خامەنەیی و نەسروڵاو سنوارو زۆر کەسی دیکە روویداوە، هەموو جارێکیش میدکانی جیهان پێش ئەوەی گوێیان لە رای بەرامبەر بێت، دەڵێن تەواو هەواڵەکە راستە.
میدیاکانی ئیسرائیل دەڵێن ئەمە پرۆسەیەکی لە خۆڕا نییە، بەڵکو ئیسرائیل زۆر ورد کاری لەسەر دەکات، چەندە کوشتنی سەرکردەکەی پێ گرنگە، بە هەمان ئەندازەش ئەوەی پێ گرنگە کە خۆی زانیارییەکە رابگەیەنێت، بەمەش سێ ئامانج دەپێکێت: هەم دەڵێت دەستمان دەگات بە هەموو کەسێک، هەم نەیارەکەی تووشی سەرلێشێوان دەکات و بۆ ئەوە دەگەڕێن کە کێ دزەی بە زانیارییەکە کردووە، هەم کارێک دەکات هەموو جیهان زانیارییەکە لە یەک سەرچاوە وەربگرێت کە ئەویش ئیسرائیلە.
تائێستا ئیسرائیل هەزاران کەسی تیرۆر کردووە، بەڵام هەمووجار بەدوای ئەودا دەگەڕێت چۆن خۆی یەکەم سەرچاوە بێت.
ئەو میدیایانە دەڵێن: ئیسرائیل ئەم کارە بە هەماهەنگییەکی ورد دەکات لە نێوان مۆسادو ئامان و یەکەی 8200ی سایبیری، لە هەمان کاتدا هەم سیخوڕو سەرچاوەی مرۆیی بەکار دەهێنێت، هەم سوودی گەورە لە تەکنەلۆژیا دەبینێت، بۆیە هەر جارێک کە تیمێک دەنێرێت بۆ کوشتنی کەسێک رێنمایی روونیان دەداتێ کە بڕۆن کەسەکە بکوژن، بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە بەڵگەی کوشتنەکەی بهێننەوە.
ئەمەی ئیسرائیل دەیکات شەڕێکی میدیایییە، دەیەوێت خۆی هەمووجار چیرۆکەکە بنووسێتەوە لە بری ئەوەی چیرۆکەکەی بۆ بنووسنەوە.